سبەى محەممەد ئەمین جووتیارە کوردەکەى کەرکووک دادگایی دەکرێت
بڕیارە سبەی یەکەم دانیشتنی دادگایی محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لە دادگای کەتنی کەرکووک بەڕێوەبچێت، دوای ئەوەی دۆسیەکەی لە دووبزەوە بۆ کەرکووک گواسترایەوە، ئەمەش لەسەر سکاڵای فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکان و سەربازێکە لەبارەی ڕووداوەکەی کێڵانی زەوییەکانی گوندی شەناغە کە لە ساڵی ڕابردوودا دەنگدانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە.
هۆکاری سکاڵاکە و پەیوەندیی بە ڕووداوەکەی شەناغەوە
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لەبارەی هۆکاری دادگاییەکەیەوە ڕایگەیاند، دادگاییەکەی لەسەر سکاڵایەکی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک و لەسەر ڕووداوەکەی گوندی شەناغەیە کە مانگی 2ـی ساڵی ڕابردوو بوو.
12ـەیەمین دانیشتنی دادگا و گۆڕینی شوێنی دادبینییەکە
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لەبارەی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی دادگا گوتیشی: "ئەمە 12ـەیەمین دانیشتنی دادگایە و دانیشتنەکانی پێشوو لە دادگای کەتنی دووبز بووە، لەسەر لایەنی سکاڵاکار دادبینییەکە گواستراوەتەوە کەرکووک و ڕۆژی دووشەممە لەسەر سکاڵای ئەو سەربازەی لە ڕووداوەکە بووە، جارێکی دیکە دادگایی دەکرێمەوە".
کورتەی ڕووداوی کێڵانی زەوییەکە و کاردانەوەکانی
محەممەد ئەمین جووتیارێکی کوردە و کاتێک بە تراکتۆرەکەی خەریکی کێڵانی زەوی بوو، سەربازێکی عێراقی هەوڵیدا بە ملپێچەکەی ئازاری بدات و کێڵانی زەوییەکەی پێ ڕابگرێت، بەڵام ئەو لە کێڵانی زەوییەکەی بەردەوام بوو، ڕووداوەکەش کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا