کۆمکارى عەرەبى سەرکۆنەى هێرشکردنە سەر هەرێمى کوردستان دەکات

رێبوار حەمەوەیس 4 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی کۆمکاری عەرەبی
کۆبوونەوەیەکی کۆمکاری عەرەبی

کۆمکاری عەرەبی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی دەکات؛ ئەمیندارێتیی کۆمکارەکەش ڕایدەگەیەنێت کە ئەم پەلامارانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی دەوڵەتانە و هۆشداریش دەدات لەوەی بەردەوامیی ئەو کردەوە دوژمنکارییانە، تەواوی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی و پشێویی زیاتر پەلکێش دەکات.

هۆشداریدان لە تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە

نەبیل فەهمی، ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەنداو و کوردستانەوە ڕایگەیاند، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ فراوانکردنی ڕووبەری ململانێکان و بردنی ناوچەکەیە بەرەو پشێوی و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری.

ڕەتکردنەوەی سیاسەتە دوژمنکارییەکانی تاران

نەبیل فەهمی، ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی لەبارەی هەڵکشانی پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی و کوردستانەوە ڕایگەیاند، هەڵکشانی هێرشە ئاشکرا و دوژمنکارییەکانی ئێران بۆ سەر (بەحرەین، ئوردن، قەتەڕ، کوەیت و هەرێمی کوردستان) و کردنە ئامانجی ژێرخانی ئابووری، سەرجەمیان ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی دوژمنکارانەیە، ناکرێت لێی بێدەنگ بن و قبوڵی بکەن.

پێشێلکردنی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان

نەبیل فەهمی، ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی لەبارەی ڕەهەند و دەرهاوێشتەکانی ئەو هێرشانەوە ڕایگەیاند، هێرشەکان ئاماژەن بۆ ڕژدبوونی ئێران لەسەر گرتنەبەری سیاسەتێک کە لەسەر حساباتی هەڵە و خوێندنەوەی پێچەوانەی واقیع بونیادنراوە. جگەلەوەش هێرشەکان پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی وڵاتان و یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە.

داواکاریی کۆمکارەکە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان

داواش لە ئێران دەکات ئاڵۆزییەکان کەمبکاتەوە و دەستبەجێ هێرشەکان ڕابگرێت و واز لە بڵاوکردنەوەی پشێوی و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی دەریاوانی بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێڕەوی دانوستان و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان.

رێبوار حەمەوەیس

4 کاتژمێر پێش ئێستا