گۆڕانکاری لە ڕای گشتیی جیهانیدا؛ پێگەی چین بەرامبەر ئەمریکا لە بەرزبوونەوەدایە

شێوە عومەر 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بەگوێرەی دەزگای ڕاپرسیی پیو؛ خەڵکی 25 وڵات لە ترەمپ زیاتر متمانەیان بە سەرۆکی چین هەیە
بەگوێرەی دەزگای ڕاپرسیی پیو؛ خەڵکی 25 وڵات لە ترەمپ زیاتر متمانەیان بە سەرۆکی چین هەیە

ڕاپرسییەکی نوێی ناوەندی توێژینەوەی پیو کە ڕای زیاتر لە 42 هەزار کەسی لە 36 وڵاتدا وەرگرتووە، ئاشکرای دەکات کە تێڕوانینی جیهانی بەرامبەر بە چین ڕووی لە ئەرێنی کردووە و لە 25 وڵاتدا پێش پێگەی ئەمریکا کەوتووە، ئەمەش وەرچەرخانێکی کەم وێنەیە لە هاوسەنگیی ڕای گشتیی نێودەوڵەتیدا.

تۆمارکردنی گۆڕانکارییەکی بێپێشینە

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە چەندین وڵاتدا تێڕوانینەکان بەرامبەر بە چین ڕوویان لە ئەرێنی کردووە و لە هەندێک شوێندا پێش پێگەی ئەمریکا کەوتوون، ئەمە یەکەمجارە ئەم ناوەندە ئەمریکییە بێلایەنە، گۆڕانکارییەکی لەم شێوەیە تۆمار بکات.

ئامار و ڕەهەندەکانی توێژینەوە جیهانییەکە

توێژینەوەکە کە ڕای زیاتر لە 42000 کەسی لە 36 وڵاتدا وەرگرتووە، دەریدەخات لە 25 وڵاتدا، هاووڵاتییان ئەرێنیتر لە چینیان ڕوانیوە بەراورد بە ئەمریکا، کە لە ساڵی 2002ـەوە ئەمە یەکەمجارە هاوسەنگییەکە بەم شێوەیە بگۆڕێت.

بەراوردکردنی نمرەی سەرکردەکانی هەردوو زلهێزەکە

بەشداربووان بە گشتی ڕەخنەیان لە شێوازی بەڕێوەبردنی کاروباری جیهانی لەلایەن هەردوو سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ هەبووە، بەڵام سەرۆکی چین لەم بەراوردکارییەدا نمرەیەکی کەمێک بەرزتری بەدەستهێناوە.

جیاوازیی ڕوانینەکان بۆ ئازادی و دەستوەردان

بەشداربووان هێشتا ئەمریکا وەکو وڵاتێک دەبینن کە زیاتر ڕێز لە ئازادییە تاکەکەسییەکان دەگرێت. لە بەرامبەردا، چین وەک وڵاتێک سەیر دەکرێت کە کەمتر لە ئەمریکا دەست لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکە وەردەدات.

کاریگەریی ئاستی ئابووری لەسەر هەڵوێستی وڵاتان

ئاستی داهاتی وڵاتان کاریگەریی هەبووە لەسەر ڕاکانیان، وڵاتانی خاوەن داهاتی مامناوەند زیاتر مەیلیان بەلای چیندا هەبوو، لە کاتێکدا وڵاتە دەوڵەمەندەکان تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانەتریان بەرامبەر پەکین هەبوو.

هاوسەنگیی متمانە لە نێوان شی جینپینگ و ترەمپدا

سەرباری ئەوەی متمانەی گشتی بە هەردوو سەرکردەکە لە خوار 50%ـەوە بوو، بەڵام زۆرێک لەو وڵاتانەی ڕاپرسییەکەیان لەگەڵدا کرابوو مەیلیان بەلای ئەوەدا بوو زیاتر متمانەیان بە شی جینپینگ هەیە وەک لە ترەمپ.

شێوە عومەر

3 کاتژمێر پێش ئێستا