عەلى زەیدى کۆتایی بە سەردانەکەى بۆ ئەمریکا هێنا و دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە کۆبوونەوەکانی عەلی زەیدی و دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی. فۆتۆ: AFP
یەکێک لە کۆبوونەوەکانی عەلی زەیدی و دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی. فۆتۆ: AFP

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندە یاوەرەکەی، دوای کۆتاییهاتنی گەشتە فەرمییەکەیان بۆ ئەمریکا کە واژۆکردنی 48 ڕێککەوتننامەی لە بوارە جیاوازەکاندا لەخۆگرت، بەرەبەیانی (یەکشەممە 19/7/2026)دەگەنەوە بەغدا، تاوەکو لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئەنجامی دیدارەکانی واشنتن بخەنەڕوو.

خشتەی گەشتەکانی سەرۆکوەزیران

ڕۆژی 13ـی تەممووز، عەلی زەیدی، بە یاوەریی شاندێکی باڵا بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت، بڕیاریشە دوای گەڕانەوەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا سەردانی تورکیا بکات، دواتریش دەچێتە ئێران، سعوودیە و سووریا.

ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، سەرۆکوەزیران و شاندەکەی ئەمڕۆ دەگەنەوە بەغدا و دووشەممە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەدەچێت. هەمان سەرچاوە لەبارەی کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گوتی، عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجامی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا دەخاتەڕوو.

دیدارە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی زەیدی لە ئەمریکا

عەلی زەیدی لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، زیاد لە 30 دیدار و کۆبوونەوەی کرد، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی ئیدارەکەی، نوێنەری کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەوت، وزە و تەکنەلۆجیا، بەڕێوەبەرانی بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی کۆبووەوە.

دەرئەنجامە ئابوورییەکانی یەکەمین گەشتی دەرەوەی وڵات

هەروەها 48 ڕێککەوتننامە لە بوارەکانی نەوت، وزە، تەکنەلۆجیا و کەرتی بانک و دارایی لەنێوان عێراق و کۆمپانیاکانی ئەمریکا واژۆکران. گەشتەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا، یەکەم سەردانی بوو بۆ دەرەوەی عێراق.

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا