حکومەتى عێراق هیچ جۆرە سیستمێکى بۆ پاراستنى کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان دابین نەکردووە

رێبوار حەمەوەیس 4 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان
یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵ هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی نەناوە و کێڵگەکانی وزە هێشتا لەبەردەم مەترسیی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکاندا بەبێ پاراستن ماونەتەوە.

سستبوونی بەغدا لە جێبەجێکردنی بەڵێنە ئەمنییەکان

حکومەتی فیدراڵ هیچ هەنگاوێکی کرداریی نەناوە و هیچ جۆرە سیستمێکی بەرگری لە هەرێمی کوردستان جێگیر نەکردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، دوای لێکتێگەیشتنەکەی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، هیچ جۆرە ڕادارێک و سیستمێکی بەرگری بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دابین نەکراوە.

پشتبەستن بە هاوپەیمانان لە بەرپەرچدانەوەی پەلامارەکاندا

هەمان سەرچاوە لە وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی دۆخی بەرگریی کێڵگە نەوتییەکانەوە گوتی، هەندێک کۆمپانیاکان سیستمی ڕاداریان هەیە و لە کاتی بوونی مەترسیدا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات، بەڵام حکومەتی فیدراڵ هیچ جۆرە سیستمێکی بەرگریی بۆ هەرێمی کوردستان دابین نەکراوە و تەنیا سیستمێکی بەرگریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەرپەرچی هێرشە درۆنییەکان دەداتەوە.

پۆلێنکردنی سەرچاوەی هێرشە ئاسمانییەکان

ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کرد، ئەو هێرشە مووشەکی و درۆنییانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان دوو جۆرن؛ هێرشی سەر بنکە و بارەگای هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، لەلایەن ئێرانەوە دەکرێت، هێرشی سەر فەرماندەیی و هێزەکانی هاوپەیمانان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەکرێت.

ناوەڕۆکی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی حوزەیران

ڕۆژی 14ـی حوزەیرانی 2026 شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق، بە سەرۆکایەتیی عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن لەسەر دانانی پلانێکی تۆکمە بۆ پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان و دانانی سنوورێک بۆ بە ئامانجگرتنیان، تاوەکو زەمینە بڕەخسێنرێت بۆ دەستپێکردنەوەی کاری کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

رێبوار حەمەوەیس

4 کاتژمێر پێش ئێستا