لە ململانێی تاران و واشنتن دا هەرێمی کوردستان بووەتە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان
ململانێی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران جارێکی دیکە عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووەتەوە بە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکان، بەجۆرێک لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا 43 هێرشی مووشەکی و درۆنی کراونەتە سەر هەولێر و سلێمانی، ئەمەش لە کاتێکدایە حکومەتەکەی عەلی زەیدی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی چەکی گروپە نایاساییەکان دەدات.
کاریگەریی ململانێی تاران و واشنتن لەسەر عێراق
لە ماوەی زیاتر لە 4 مانگی ڕابردوودا هەردوو گەڕی شەڕی ئێران و ئەمریکا، ڕەنگدانەوەی لەسەر عێراق هەبووە.
قۆناغی یەکەمی جەنگ
قۆناغی یەکەمی جەنگی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ڕۆژی 28ـی ئابی 2026 دەستی پێکرد و هەر لە دەستپێکەوە عێراق بووە مەیدانێکی جەنگەکە.
هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە چوارچێوەی "مقاوەمە"دا
گرووپە چەکدارە شیعەکان کە لە چوارچێوەی بەرەی مقاوەمەدان، سەدان هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
هەڵوێستی حکومەتی سوودانی لە بەرانبەر گروپە چەکدارەکان
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە قۆناغی یەکەمی جەنگەکەدا لەبارەی بێلایەنیی بەغدادەوە جەختی کردەوە، بەڵام لە واقیعدا نەیتوانی بەر بە گرووپە چەکدارەکان بگرێت و بە درێژایی ماوەی جەنگ ئاسمانی عێراق مووشەک و درۆنی لێنەبڕا.
سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان و بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان
هەفتەیەک زیاترە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستیان پێکردووەتەوە، لە ناوچەکانی عێراق هێرش بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا نەکراوە، بەڵام لە هەولێر و سلێمانی چەند هێرشێکی مووشەکی کراون.
جیاکاری لەنێوان هێرشە جیاوازەکاندا
سەرچاوەیەکی سەربازی لەبارەی ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەکانەوە ڕایگەیاند، ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر پێگەکانی هاوپەیمانان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بوون، بەڵام هێرشەکانی سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و شوێنەکانی دیکە، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بووە، تاوەکو ئێستا ئەو گرووپانەی لە بەرەی مقاوەمەدا ماون، بەرپرسیارێتیی هیچ هێرشێکیان نەگرتووەتە ئەستۆ.
کابینەی عەلی زەیدی و پرسی کۆکردنەوەی چەک
قۆناغی دووەمی جەنگی ئەمریکا و ئێران لە کاتێکدایە کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، هەڵمەتێکی فراوانی بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت ڕاگەیاند، بەشێکی زۆر لە گرووپەکان چەکیان دانا، بەڵام 4 بۆ 5 گرووپ ڕەتیان کردووەتەوە.
تاقیکردنەوەی سەرکەوتنی هەوڵەکانی حکومەت
مانەوەی گرووپەکان لە دۆخی بێدەنگی و دەستنەکردنەوەدا سەرکەوتنی هەوڵەکانی کابینەی عەلی زەیدی دەردەخات، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر کاردانەوەیان هەبێت پێدەچێت ڕیسەکە لێبکەنەوە بە خوری.
43 هێرش لە هەفتەیەکدا
ماوەی هەفتەیەکە کە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەریانهەڵداوەتەوە، هەرێمی کوردستانیش کەوتووەتەوە بەر هێرشی مووشەکی و درۆنی، بەگوێرەی ئامارێک کە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی بە کەناڵ8ـی داوە، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا 43 هێرش کراون، لێرەدا وردەکارییەکەی دەخەینە ڕوو.
ئاماری هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان
ژمارەی هێرشەکان: 43
جۆری هێرشەکان: درۆن 33 و مووشەک 10
ئاماری هێرشی سەر پارێزگاکان
هەولێر: 30 هێرش
سلێمانی: 13 هێرش
ئاماری قوربانییان
9 شەهید و 5 بریندار
4 کاتژمێر پێش ئێستا