چەند ڕێنوێنییەک بۆ تووشنەبوون بە ئاڵۆزییەکانی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دڵ
سەروەر سالار 19/07/2026
د. عەلا سوبحی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ، چەند ڕێنوێنییەک بۆ خۆپاراستن لە تووشنەبوون بە ئاڵۆزییەکانی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دڵ بۆ هاونیشتمانییان دەخاتەڕوو.
ڕێنوێنییەکانی پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دڵ
پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت " پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دڵ ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکرێن"، لەوانە:
- ڕاستگۆیانە هەموو زانیارییە پزیشکییەکان بە پزیشکەکە بوترێت وەک: بوونی نەخۆشییەکانی دیکە، هەستیاربوون بە جۆری دەرمانەکان
- ئەگەر چارەخوازەکە جگەرەکێش بێت، دەبێت چەند هەفتەیەک پێش نەشتەرگەرییەکە واز لە جگەرەکێشان بهێنێت، چونکە جگەرەکێشان مەترسیی تووشبوون بە کێشە تەندروستییەکانی دڵ و سییەکان زیاد دەکات
- دەبێت شەکرەی خوێن، فشاری خوێن، و ئاستی چەوریی خوێنی چارەخوازەکە بە باشی کۆنترۆڵ بکرێت
- ڕێنماییەکانی پزیشکەکە سەبارەت بە وەستاندن یان گۆڕینی هەندێک دەرمان
- خۆراکی تەندروست بخورێت و چارەخوازەکە لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا هەوڵبدات بەپێی توانای جەستەیی خۆی چالاکییەکی جەستەیی هەبێت
ڕێنوێنییەکانی پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دڵ
پزیشکەکە دەڵێت " پاش ئەنجامدانی نەشتەرگەریی دڵ ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بکرێن"، لەوانە:
- نابێت چارەخوازەکە بۆماوەی شەش بۆ هەشت هەفتە، هیچ جۆرە قورساییەک هەڵبگرێت
- پێویستە چارەخوازەکە دووربکەوێتەوە لە ڕاکێشان یان پاڵنانی شتومەکی قورس
- بە شێوەیەکی گشتی بۆ ماوەی چوار بۆ شەش هەفتە نابێت چارەخوازەکە شۆفێری بکات
- نابێت چارەخواز لە حەوزی ئاو (بانیۆ)، مەلەوانگە، یان جاکوزیدا دابنیشێت تاوەکو ئەو کاتەی پزیشکە پسپۆڕەکەی دڵنیا دەبێتەوە کە برینی چارەخوازەکە بە تەواوی وشک بووەتەوە و داخراوە
- لە کاتی خۆشتندا نابێت لیفکە یان سابوون بە توندی لە شوێنی نەشتەرگەرییەکە بدرێت
- لە چەند هەفتەی یەکەمدا پێویستە چارەخواز تەنیا لەسەر پشت بخەوێت بۆ ئەوەی ئێسکی سنگ جێگیر بێت و نەکشێت
- پاک و خاوێن ڕاگرتنی برینەکە
سەروەر سالار
19/07/2026