چەند زانیارییەک لەسەر گەورەبوونی لیمفەگرێکانی سەر و مل
سەروەر سالار 10 کاتژمێر پێش ئێستا
د. هێمن مەحموود، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی، چەند زانیارییەک لەسەر گەورەبوونی لیمفەگرێکانی سەر و مل دەخاتەڕوو.
لیمفەگرێکان چین؟
پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت " دەکرێت لیمفەگرێکان لە هەر شوێنێکی جەستەدا هەبن، لیمفەگرێکان بەشێکن لە سیستمی بەرگریی جەستە، بۆیە کاتێک جەستە تووشی هەوکردن یان هەر نەخۆشییەک دەبێت دەکرێت ئەم لیمفگرێیانە بەتایبەتی لیمفەگرێکانی سەر و مل گەورە ببن".
هۆکارەکانی گەورەبوونی لیمفەگرێکان چین؟
پزیشکەکە دەڵێت " باوترین هۆکارەکانی گەورەبوونی لیمفەگرێکانی سەر و مل هۆکاری هەوکردنە"، وەک:
- تووشبوون بە پەتا یان هەر نەخۆشی و هەوکردنێکی سەر و مل
- هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە وەک لەوزەتێن و گیرفانەکانی لووت
- هەوکردنی گوێ
- هەوکردنی پوکی ددان
- بوونی کێشە لە سییەکاندا
- لەهەندێک حاڵەتدا دەکرێت گەورەبوونی لیمفەگرێکان شێرپەنجەیی بێت وەک لیمفۆما و شێرپەنجەی خوێن یان کاتێک ئەندامێکی نزیکی لیمفەگرێکان تووشی شێرپەنجە ببێت، لەوەیە خانە شێرپەنجەییەکان لیمفەگرێکانیش بگرێتەوە، بۆیە نابێت هیچ کات گەورەبوونی لیمفەگرێکان پشتگوێ بخرێت
لە چ کاتێکدا گەورەبوونی لیمفەگرێکانی سەر و مل مەترسیدارە و نابێت پشتگوێ بخرێت؟
کاتێک کەسێک ئەم نیشانانەی هەبوو پێویستە بەزووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات:
- کاتێک گەورەبوونی لیمفەگرێکان زیاد لە دوو هەفتە بەردەوام بوو
- کاتێک گەورەبوونی لیمفەگرێکان لەرز، تا و ئارەقکردنەوەی شەوانی لەگەڵدا بوو
- کاتێک کەسەکە ئارەزووی خواردنی نەبێت و هەست بە ماندوویەتیی زۆر بکات
- کاتێک کەسەکە هەست بکات لەناکاو کێشی جەستەی دابەزیوە
سەروەر سالار
10 کاتژمێر پێش ئێستا