ڕۆڵ و گرنگیی هۆڕمۆنە جیاوازەکان لەسەر تەندروستیی جەستە
سەروەر سالار 20 کاتژمێر پێش ئێستا
د. چراخان محەممەد، پزیشکی پسپۆڕی کوێرەڕژێنەکان، ڕۆڵ و گرنگیی هۆڕمۆنە جیاوازەکان لەسەر تەندروستیی جەستە بۆ هاونیشتمانییان ڕوون دەکاتەوە.
گرنگیی هۆڕمۆنە جیاوازەکان لەسەر تەندروستیی جەستە
پزیشکە پسپۆڕەکە دەڵێت " هۆرمۆنەکان پەیامی کیمیایین لەلایەن ڕژێنەکانەوە دەردەدرێن بۆ ڕێکخستنی فرمانەکانی جەستە بە وردی و شێوازێکی سەرسوڕهێنەر، هۆڕمۆنەکان کاریگەرییان لەسەر هەموو لایەنێکی ژیانی هاونیشتمانییان هەیە" ، وەک:
- ڕێکخستنی نووستن
- باری دەروونی کەسەکە
- ڕێکخستنی ئارەزووی خواردن ڕێکخستنی وزەی جەستە
- سەرنجدان
- هۆڕمۆنی دۆپامین: پەیوەندیی بە پاداشت، هاندان و هەستی چێژ وەرگرتنەوە هەیە
- هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ: هۆرمۆنی دڵەڕاوکێشی پێدەوترێت، یارمەتیی جەستە دەدات بۆ مامەڵەکردن لەکاتی بوونی فشاردا
- هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین: پەیوەندیی کۆمەڵایەتی ڕێکدەخات، متمانە و سۆز بەهێز دەکات
- هۆڕمۆنی مێلاتۆنین: سووڕی نووستن و بەئاگاهاتنەوە ڕێکدەخات
- هۆڕمۆنی گرێلین: هانی زیادبوونی هەستی برسییەتی دەدات
- هۆڕمۆنی لێپتین: ئاماژەی تێربوون بۆ جەستە دەنێرێت و یارمەتیی ڕێکخستنی ئارەزووی خواردن دەدات
- هۆڕمۆنی ئەدریناڵین: جەستە ئامادە دەکات بۆ کاردانەوەی خێرا لە کاتی باری لەناکاو و فریاگوزاریدا
- هۆڕمۆنی سیرۆتۆنین: بەشدارە لە باشترکردنی باری دەروونی کەسەکە و هەستی ئاسوودەیی زیاد دەکات
- هۆڕمۆنی ئێندۆرفین: ئازارشکێنێکی سروشتییە و هەستی بەختەوەری زیاد دەکات
- هۆڕمۆنی پرۆلاکتین: ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە بەرهەمهێنانی شیر له دوای پڕۆسەی منداڵبوون
- هۆڕمۆنی ئینسۆلین: ئاستی شەکر لە خوێندا ڕێکدەخات
- هۆڕمۆنی سایرۆکسین: بەشدارە لە ڕێکخستنی پرۆسەی زیندەچالاکیی جەستە و بەرهەمهێنانی وزە
- هۆڕمۆنی دووگیانی: یارمەتیی دەستنیشانکردنی دووگیانی دەدات لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دووگیانیدا
- هۆرمۆنی دژەمیز: هاوسەنگیی ئاو لە جەستەدا دەپارێزێت
- هۆرمۆنی هاندەری ڕژێنی دەرەقی (پەریزاد): چالاکییەکانی ڕژێنی دەرەقی ( پەریزاد) ڕێکدەخات
ڕێنوێنیی بۆ چارەخوازان
هەندێک لەم ناوانە وەکو "هۆرمۆنی بەختەوەری" یان "هۆرمۆنی خۆشەویستی" بۆ ئاسانکاری بەکاردێن، بەڵام کاریگەریی هۆرمۆنەکان زۆر ئاڵۆزترە لە ئەو دەستەواژانەی بۆ هۆڕمۆنەکان بەکاردێن، چونکە زۆربەیان پێکەوە بەشێوەی تۆڕێکی گەورە لە جەستەی مرۆڤدا کار دەکەن، کاریگەرییان لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی مرۆڤ هەیە.
سەروەر سالار
20 کاتژمێر پێش ئێستا