کۆمکارى عەرەبى: هێرشەکانى ئێران بۆ سەر هەرێمى کوردستان هەوڵێکى ئاشکرایە بۆ تێکدانى سەقامگیرى ناوچەکە

رێبوار حەمەوەیس 9 کاتژمێر پێش ئێستا
نەبیل فەهمی، وەزیرى پێشووتری دەرەوەی میسڕ، وەک ئەمینداری نوێی کۆمکاری عەرەبی دیاری کرا
نەبیل فەهمی، وەزیرى پێشووتری دەرەوەی میسڕ، وەک ئەمینداری نوێی کۆمکاری عەرەبی دیاری کرا

ئەمیندارى کۆمکارى عەرەبى ڕەخنە لە سیاسەتەکانى ئێران دەگرێت و هێرشەکانى ئەم دواییەى سەر هەرێمى کوردستان و وڵاتانى عەرەبى بە پێشێلکارى ئاشکراى سەروەرى و یاسا نێودەوڵەتییەکان ناو دەبات.

سەرکۆنەکردنى هێرشەکان بۆ سەر هەرێم و وڵاتانى عەرەبى

کۆمکارى عەرەبى بە فەرمى سەرکۆنەى ئەو هێرشانەى کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمى کوردستان و وڵاتانى عەرەبى. نەبیل فەهمى، ئەمیندارى کۆمکارى عەرەبى ڕایگەیاند، هێرشەکانى ئێران بۆ سەر وڵاتانى کەنداو و هەرێمى کوردستان هەوڵێکى ئاشکرایە بۆ فراوانکردنى ڕووبەرى ململانێکان و بردنى ناوچەکە بەرەو پشێوى و تێکدانى ئاسایش و سەقامگیرى.

کردنە ئامانجى ژێرخانى ئابوورى و سیاسەتى دوژمنکارانە

ئەمیندارى کۆمکارى عەرەبى ئاماژەى بەوە کردووە، هەڵکشانى هێرشە ئاشکرا و دوژمنکارییەکانى ئێران بۆ سەر (بەحرەین، ئوردن، قەتەڕ، کوەیت و هەرێمى کوردستان) و کردنە ئامانجى ژێرخانى ئابوورى، ڕەنگدانەوەى سیاسەتێکى دوژمنکارانەیە. جەختى لەوەش کردەوە کە ناکرێت لە بەرامبەر ئەم سیاسەتانەدا بێدەنگ بن و قبوڵى بکەن.

پێشێلکردنى سەروەرى و یاسا نێودەوڵەتییەکان

نەبیل فەهمى ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە ئاماژەن بۆ ڕژدبوونى ئێران لەسەر گرتنەبەرى سیاسەتێک کە لەسەر حساباتى هەڵە و خوێندنەوەى پێچەوانەى واقیع بونیادنراوە. هەروەها ئەم هەنگاوانەى بە پێشێلکردنى ئاشکراى سەروەرى و وڵاتان، یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانى دراوسێیەتى باش وەسف کرد.

داواکارى بۆ ڕاگرتنى هێرشەکان و گەڕانەوە بۆ دانوستان

کۆمکارى عەرەبى داوا لە ئێران دەکات ئاڵۆزییەکان کەمبکاتەوە و دەستبەجێ هێرشەکان ڕابگرێت. هاوکات داواى لێدەکات واز لە بڵاوکردنەوەى پشێوى و هەڕەشەکردن لە ئاسایشى دەریاوانى بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێڕەوى دانوستان و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان.

رێبوار حەمەوەیس

9 کاتژمێر پێش ئێستا