ئایا جیهان دەتوانێت دەستبەرداری گەرووی هوورمز بێت؟ وردەکاریی ڕێڕەوە جێگرەوەکانی وزە لە ناوچەکەدا
پاش هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، جارێکی دیکە پرسی ڕێڕەوە جێگرەوەکان بۆ گەرووی هوورمز وەک شادەماری ئابووریی جیهان بووەتەوە بە باسی سەرەکیی ناوەندە داراییەکان.
گرنگیی ستراتیژیی گەرووی هوورمز بۆ بازاڕی وزە
گەرووی هوورمز کە دەکەوێتە نێوان ئێران و عومان، سەرەکیترین ڕێگای هەناردەکردنی نەوت و گازی وڵاتانی کەنداوە. بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA)، ڕۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لەم گەرووەوە تێپەڕ دەبن، کە دەکاتە نزیکەی 1/4ی کۆی بازرگانیی دەریایی نەوت لە جیهاندا. هەروەها 1/5ی گازی سروشتیی شل (LNG)ی جیهانیش لەم ڕێڕەوەوە دەگوازرێتەوە.
بۆریی "پێترۆلاین" و هەوڵەکانی سعوودیە
یەکێک لە گرنگترین جێگرەوەکانی هوورمز، بۆریی نەوتی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای سعوودیەیە کە بە "پێترۆلاین" دەناسرێت. ئەم بۆرییە درێژییەکەی 1,200 کیلۆمەترە و کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی سعوودیە بە وێستگەی هەناردەکردنی یەنبووع لەسەر دەریای سوور دەبەستێتەوە. توانای گواستنەوەی ئەم بۆرییە لە ساڵی 2019 بۆ بارودۆخی لەناکاو گەیەندراوەتە 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، تاوەکو لە کاتی پەککەوتنی هوورمزدا بەکاربهێنرێت.
پڕۆژەی "ئەدکۆپ"ی ئیماراتی
ئیمارات لە ڕێگەی هێڵی بۆریی نەوتی ئەبوو زەبی (ADCOP) ڕێڕەوێکی جێگرەوەی پەرەپێداوە. ئەم بۆرییە درێژییەکەی 406 کیلۆمەترە و کێڵگە نەوتییەکانی حەبشان لە ئەبوو زەبی بە بەندەری فوجەیرە لەسەر کەنداوی عومان دەبەستێتەوە. ئەم پڕۆژەیە ڕێگە بە ئیمارات دەدات بەشێک لە نەوتەکەی بێ تێپەڕبوون بە گەرووی هوورمز ڕەوانەی بازاڕەکان بکات.
ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و سنوورداریی تواناکان
سەرەکیترین کێشەی ڕێڕەوە جێگرەوەکان سنوورداریی قەبارەی گواستنەوەیانە؛ لەکاتێکدا 20 ملیۆن بەرمیل نەوت پێویستی بە گواستنەوەیە، جێگرەوەکان تەنیا توانای گواستنەوەی 3.5 بۆ 5.5 ملیۆن بەرمیلیان هەیە. هاوکات ئەم ڕێڕەوانەش لە هێرش پارێزراو نەبوون؛ لە مانگی ئازاردا هێرش کرایە سەر دامەزراوەکانی فوجەیرەی ئیمارات و لە نیسانیشدا هێرش بۆ سەر وێستگەیەکی "پێترۆلاین" بووە هۆی ڕاگرتنی 700 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
ڕێڕەوی "جاسک"؛ جێگرەوەکەی ئێران
ئێرانیش بۆ خۆی ڕێڕەوێکی جێگرەوەی بە درێژی 1,000 کیلۆمەتر بونیاد ناوە، کە نەوت لە سەرەتای کەنداوەوە بۆ وێستگەی هەناردەکردنی جاسک لەسەر کەنداوی عومان دەگوازێتەوە. ئەم هێڵە توانای گواستنەوەی 1 ملیۆن بەرمیلی هەیە لە ڕۆژێکدا، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و ناڕێکیی ژێرخانی وێستگەکە، تاران ناتوانێت بە تەواوەتی بۆ هەناردەکردنی نێودەوڵەتی بەکاریبهێنێت.
ڕۆڵی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان
بۆریی کەرکووک-جەیهان یەکێکی دیکەیە لە بژاردەکان، کە درێژییەکەی 970 کیلۆمەترە و نەوت لە کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەگوازێتەوە. ئەم بۆرییە پاش داخستنی بۆ ماوەیەک، لە ئەیلوولی 2025دا کارا کرایەوە و لە ئازاری 2026دا ئاستی هەناردەکردنی تێیدا گەیشتە 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەمە ڕێگەیەکی گرنگە بۆ عێراق، چونکە ئێستا 95%ی هەناردەی نەوتی عێراق (3.4 ملیۆن بەرمیل) لە ڕێگەی بەسڕە و گەرووی هوورمزەوە ئەنجام دەدرێت.
پڕۆژە ستراتیژییەکانی داهاتوو
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان، باس لە دووبارە کاراکردنەوەی هێڵی کەرکووک-بانیاس دەکرێت کە درێژییەکەی 800 کیلۆمەترە و نەوتی عێراق دەگەیەنێتە سووریا. هەروەها "پڕۆژەی چوار دەریاکە" وەک بژاردەیەکی گەورە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، کە ئامانج لێی پێکەوەبەستنی دەریاکانی ناوەڕاست، ڕەش، قەزوین و کەنداوی عومانە لە ڕێگەی تۆرێکی گواستنەوەی وزە لە ناو خاکی سووریا و تورکیاوە.
8 کاتژمێر پێش ئێستا