ڕاوێژکاری دارایی زەیدی: بەهای ڕێککەوتنەکانی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان 60 ملیار دۆلارە

مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق
مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق

حکومەتی عێراق لەمیانی سەردانەکەی بۆ واشنتن، دەرگای بۆ وەبەرهێنانی ملیۆنیی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردەوە و لە کەرتە جیاوازەکاندا 48 یاداشت و ڕێککەوتنی ستراتیژیی واژۆ کرد.

واژۆکردنی 48 یاداشتنامە و ڕێککەوتنی ستراتیژی

مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، بە سەرپەرشتی عەلی فالح زەیدی، 48 ڕێككەوتن و یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتنی هاوكاری ئابووری لە نێوان عێراق و كەرتە جیاوازەكانی ئەمریكا واژۆ کراون. ئەم ڕێککەوتنانە بوارەکانی نەوت، پیشەسازی، تەکنەلۆجیا و دارایی دەگرنەوە.

قەبارەی دارایی ڕێککەوتنەکان

بەگوتەی ڕاوێژکارەکەی عەلی زەیدی، قەبارەی دارایی ئەو 48 ڕێككەوتن و یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنە دەگاتە 60 ملیار دۆلار. ئەم بڕە پارەیە وەک وەبەرهێنان لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی عێراقدا خەرج دەکرێت، کە ئامانج لێی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و بەهێزکردنی کەرتی تایبەتە لە وڵاتدا.

کۆمپانیا بەشداربووەکان لە کەرتی وزە و پەیوەندییەکان

ڕێككەوتن‌و یاداشتەكانی لێكتێگەیشتن لە کەرتی وزەدا لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی وەک ExxonMobil، KBR، GE Vernova، Shell و Halliburton واژۆ کراون. هاوکات لە کەرتی تەکنەلۆجیا و گەیاندندا، ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای Starlink بۆ خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و کۆمپانیای Keysight Technologies بۆ کەرتی تایبەت ئەنجامدراوە.

پڕۆژەی بۆری نەوتی بانیاس و کەرتی سووتەمەنی

لە بواری وزەدا، یەکێک لە پڕۆژە هەرە گرنگەکان دروستكردنی هێڵی بۆری نەوتە بۆ بەندەری بانیاسی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست. ئەم پڕۆژەیە بە سەرپەرشتی دوو کۆمپانیای ئەمریکی و کۆمپانیایەکی قەتەڕی جێبەجێ دەکرێت، کە دەبێتە ڕێڕەوێکی نوێی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان.

خواردەمەنی، دەرمان و پەروەردە

جگە لە کەرتی وزە، حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای Pepsi و چەند كۆمپانیایەكی دیکەی بواری خواردەمەنی ڕێککەوتنی واژۆ کردووە. هەروەها ئەم یاداشتنامانە کەرتی تەندروستی و پەروەردەش دەگرنەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی دابینكردن و بەرهەمهێنانی دەرمان و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن.