وەزارەتی کار: هەر کرێکارێک لە کاتی کاردا زیانی پێبگات کۆمپانیاکەی بەرپرسیارە لە چارەسەرکردنی

ئارام قەرەداغی 10 کاتژمێر پێش ئێستا
کرێکارێکى بەساڵاچوو، لە چاوەڕوانى دەستکەوتنى کارێک بۆ بژێوى ژیانى
کرێکارێکى بەساڵاچوو، لە چاوەڕوانى دەستکەوتنى کارێک بۆ بژێوى ژیانى

وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى بڕیارێکی نوێی بۆ پاراستنی مافی کرێکاران دەرکرد و کۆمپانیاکانی پابەند کرد کە بەرپرسیاریەتی تەواوی ڕووداوەکانی کار لە ئەستۆ بگرن.

بەرپرسیاریەتیی کۆمپانیاکان بەرامبەر کرێکاران

وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى حکومەتى کاربەڕێکەر لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەى بەڕێوەبەرایەتییەکانى دەستەبەرى کۆمەڵایەتیی کرێکارانى کردووە، بڕیاریدا هەر کرێکارێک لە کاتى کارکردندا تووشى زیانى گیانى بێت، ئەو کۆمپانیایەى کارى لێدەکات خەرجى تەواوى چارەسەرى لە ئەستۆ بگرێت. بەپێی بڕیارەکە، پێویستە کارگێڕیی کۆمپانیاکان لە کاتی برینداربوون، گیانلەدەستدان و ڕووداوەکانى کار بەرپرسیارێتی هەڵبگرن؛ هاوکاری خێزانی ئەو کرێکارانە بکەن کە گیان لەدەست دەدەن و تێچووی چارەسەری بریندارەکانیش تا کاتی چاکبوونەوەی تەواو و دەرچوونیان لە نەخۆشخانە دابین بکەن.

مەرجی ئاگادارکردنەوە لە ڕووداوەکان

وەزارەتى کار لە ڕێنماییەکانیدا داوا لە کۆمپانیاکان دەکات لە کاتى ڕوودانى هەر ڕووداوێکی کاردا، لە ماوەى 24 کاتژمێردا بەڕێوەبەرایەتییەکانى کار و دەستەبەریی کۆمەڵایەتیی کرێکاران ئاگادار بکەنەوە. ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە کە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری ڕەوشی کرێکارەکە بن و ڕێکارە یاساییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی جێبەجێ بکرێت.

دۆخی سەلامەتیی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان

ساڵانە لە هەرێمى کوردستان ژمارەیەک کرێکار لە کاتى کارکردندا گیان لەدەست دەدەن یان کەمئەندام دەبن. سەندیکاکانى کرێکاران بەشێکى زۆر لە هۆکارى ئەم ڕووداوانە بۆ نەبوونى مەرجەکانى سەلامەتى و ئامرازەکانی خۆپارێزی لە شوێنى کار دەگەڕێننەوە، ئەم بڕیارە نوێیەش وەک فشارێک بۆ سەر کۆمپانیاکان دەبینرێت تاوەکو زیاتر گرنگی بە ژیانی کرێکاران بدەن.

ئارام قەرەداغی

10 کاتژمێر پێش ئێستا