ئاگر لە گوندی گۆپتەپە کەوتەوە؛ 30 دۆنم پوش و پاوان سووتا

جەبار حسین 12 کاتژمێر پێش ئێستا
ئاگرکەوتنەوە لە سنووری گوندی کۆپتەپە
ئاگرکەوتنەوە لە سنووری گوندی کۆپتەپە

ئاگرێکی فراوان لە سنووری گوندی کۆپتەپە کەوتەوە و بووە هۆی سووتانی دەیان دۆنم لە پوش و پاوان و لەوەڕگای سروشتی ناوچەکە.

زیانەکانی ئاگرەکەی گوندی کۆپتەپە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لە ئاکامی ئاگرکەوتنەوەیەک لە گوندی کۆپتەپە، نزیکەی 30 دۆنم پوش و پاوان و لەوەڕگای سروشتی سووتاون. تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە دیار نییە و تیمەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکەی.

هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە

تیمەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ئاغجەلەر بە هاوکاریی بنکەی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەکە و دانیشتووانی گوندەکە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە. دوای هەوڵێکی بەردەوام، تیمەکان توانییان ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتر بگرن و ئاگرەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکەن.

سووتانی 20 دۆنم زەوی لە سیتەک

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە لە 15ی تەممووزدا ئاگرێکی دیکە لە سنووری گوندی (مارە ڕەش)ی سەر بە شارەدێی سیتەک کەوتەوە. لەو ڕووداوەشدا نزیکەی 20 دۆنم پوش، پاوان و داری سروشتی ناوچەکە بەهۆی ئاگرەکەوە سووتان و زیانی ژینگەیی لێکەوتەوە.

کەمبوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە سلێمانی

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەرگریی شارستانی، ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە سلێمانی دابەزینێکی بەرچاویان تۆمار کردووە. لە ساڵی 2023دا 4,601 ڕووداو تۆمار کراوە، لە ساڵی 2024دا بۆ 3,712 ڕووداو کەمی کردووە. هەروەها لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا ئامارەکە گەیشتووەتە 1,264 ڕووداو، کە ئەمەش وەک دابەزینێکی پێوانەیی هەژمار دەکرێت.

هۆشیاری لەبارەی شەحنکردنی مۆبایل

بەرگریی شارستانی هۆشداری دەدات کە یەکێک لە هۆکارە مەترسیدارەکانی کەوتنەوەی ئاگر لە ماوەی ڕابردوودا، بەجێهێشتنی مۆبایلە لە کاتی بارگاویکردنەوەدا (شەحنکردن) بۆ ماوەیەکی زۆر. ئەم کارە دەبێتە هۆی دروستبوونی شۆرتی کارەبا و کەوتنەوەی ئاگر لەناو ماڵ و شوێنە گشتییەکاندا.

جەبار حسین

12 کاتژمێر پێش ئێستا