دوا مۆڵەتی مامۆستایانی گرێبەست بۆ حکومەت؛ "ناڕەزایەتییەکان دەبەینە هەولێر"
مامۆستایانی گرێبەست مۆڵەتی یەک هەفتە دەدەنە حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران، بە پێچەوانەوە بڕیاریانداوە ناڕەزایەتییەکانیان بەرەو بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران لە هەولێر بگوازنەوە.
مۆڵەتی هەفتەیەک بۆ حکومەتی کاربەڕێکەر
عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست ڕایگەیاند، لەبارەی دواکەوتنی مووچەکانیان لەگەڵ وەزارەتەکانی پەروەردە و دارایی لەسەر خەتن. بە گوتەی نوێنەری مامۆستایان، حکومەت پێی ڕاگەیاندوون کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران ڕانەگەیەندراوە. بەو هۆیەشەوە مامۆستایانی گرێبەست تەنیا ئەم هەفتەیەیان وەک مۆڵەت بۆ حکومەت دیاری کردووە تاوەکو کێشەکەیان چارەسەر بکات.
دۆخی دارایی و ژمارەی مامۆستایانی گرێبەست
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 75,000 مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست هەن کە تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە. لەو ژمارەیە، 51,000 کەسیان مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت، کە مانگانە بڕی 43 ملیار دیناری بۆ تەرخان دەکرێت. مامۆستایانی گرێبەست هۆشداری دەدەن ئەگەر لەم هەفتەیەدا وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە، خۆپێشاندانەکانیان دەبەنە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی وەزیران لە شاری هەولێر.
دیاریکردنی بڕی مووچە بەپێی بڕوانامەکان
بەپێی ڕێنمایی ژمارە 10ی ساڵی 2019ی وەزارەتی دارایی و ئابووری، مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی گرێبەست بەپێی ئاستی خوێندنیان بەم شێوەیە پۆلێن کراوە:
- خاوەن بڕوانامەی دبلۆم: 400,000 دینار.
- خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دبلۆمی یەک ساڵی: 500,000 دینار.
- دبلۆمی باڵای یەک ساڵە و بەکالۆریۆسی 5 ساڵە: 600,000 دینار.
- دبلۆمی باڵای 2 ساڵە و بەکالۆریۆسی 6 ساڵە: 850,000 تاوەکو 1,000,000 دینار.
- خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا: 1,000,000 تاوەکو 1,250,000 دینار.
12 کاتژمێر پێش ئێستا