دادگا دۆسیەی نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕانی دواخست

کەناڵ8 14 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆسیەی محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بۆ کەرکووک دەگوازرێتەوە و سبەی دادگایی دەکرێت
دۆسیەی محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بۆ کەرکووک دەگوازرێتەوە و سبەی دادگایی دەکرێت

دادگای کەتنی کەرکووک دانیشتنێکی دیکەی تایبەت بە دۆسیەی نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕانی دواخست، ئەمەش لە کاتێکدایە کە فشاری یاسایی و سەربازی لەسەر نوێنەری جووتیارانی ناوچەکە بەردەوامە.

دواخستنی دانیشتنی دادگا بۆ مانگی ئاییندە

ئەمڕۆ لە دادگای کەتنی کەرکووک، دانیشتنێکی دیکە سەبارەت بەو سکاڵایەی کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک لەسەر محەمەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کەرکووک تۆماری کردبوو، بەڕێوەچوو. دادگا بڕیاریدا دانیشتنەکە بۆ ڕۆژی 23ـی مانگی ئاییندە دوا بخات، هۆکارەکەشی بۆ ئامادەنەبوونی سکاڵاکاران (لایەنی سوپا) لە ناو دادگادا گەڕێندرایەوە.

فشارەکان بۆ دەستبەرداربوونە لە زەوییەکان

محەمەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کەرکووک پاش تەواوبوونی دانیشتنەکە ڕایگەیاند، تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە تەنیا هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئەو لە نوێنەرایەتیکردنی جووتیاران و سکاڵاکانی بکشێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد مەبەست لەم فشارانە ئەوەیە جووتیاران دەست لە زەوییەکانیان هەڵگرن، بەڵام جەختی کردەوە کە لە ژێر هیچ فشارێکدا سازش لەسەر مافی جووتیاران ناکەن.

پاشخانی هێرشەکەی سەر گوندی شەنەغە

ڕەگ و ڕیشەی ئەم کێشەیە بۆ 17ـی شوباتی ساڵی 2025 دەگەڕێتەوە، کاتێک ژمارەیەک سەربازی سوپای عێراق لە گوندی شەنەغە هێرشیان کردە سەر جووتیاران. لەو کاتەدا سەربازێکی عێراقی هەوڵیدا بە بەکارهێنانی "جامانە" محەمەد ئەمین بە زۆر لەسەر تراکتۆرەکەی بێنێتە خوارەوە و ڕێگرییان لە جووتیاران کرد زەوییەکانیان بکێڵن.

کاردانەوەکان و ڕێکارە یاساییەکان

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی هێرشەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بەهۆیەوە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو ئەفسەرە تۆمار کرا کە هێرشەکەی ئەنجام دابوو. هەرچەندە چەند مانگێک بەسەر ڕووداوەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دادگا بڕیارێکی کۆتایی و یەکلاکەرەوەی لەبارەی ئەو دۆسیەیە و سزادانی ئەنجامدەرانی هێرشەکە نەداوە.

کەناڵ8

14 کاتژمێر پێش ئێستا