کارکردنی شەوان هۆکارێکی تووشبوونە بە شێرپەنجە
کاتژمێری ناوەکیی جەستە بە تەواوی پەیوەستە بە خۆرهەڵهاتن و خۆرئاوابوونەوە، کاتێک ناچار دەبیت بە پێچەوانەی ئەم کاتژمێرەوە ڕۆژەکانت بەسەر ببەیت، تەندروستییت بەرەو خراپی دەڕوات.
کاتژمێری ناوەکیی جەستە، ئەو کاتژمێرەیە کە وادەکات لەگەڵ خۆرهەڵهاتندا هەست بە چالاکی بکەین، و لەکاتی خۆرئاوابوون و تاریکبووندا خەواڵوو ببین، هەربۆیە لە شەواندا دەخەوین و بە ڕۆژیش کاروبارەکانمان بەڕێدەکەین.
کاتێک کەسێک بە شەو کاردەکات، سەرەڕای ماندووییەکەی بەیانیان زوو ناتوانێت بە باشی خەوی لێبکەوێت، بشخەوێت خەوێکی باشی نابێت، ئەم شەڕکردنەی جەستە لەگەڵ کاتژمێری ناوەکیی جەستەدا بێ لێکەوتە نییە و چەندین گرفتت بۆ دروستدەکات.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئێستا کارکردنی شەوانی بە هۆکارێکی تووشبوون بە شێرپەنجە پێناسە کردووە، واتە هاوشێوەی گۆشتی سوورە لە زیادکردنی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکەدا، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کارکردنی شەوان کار لە هۆرمۆنی میلاتۆنین دەکات(ئەم هۆرمۆنە بێجگە لە ڕێکخستنی خەو کاری کپکردنی دروستبوونی گرێی شێرپەنجەییش دەکات)، هاوکات کەم بەرکەوتنی تیشکی خۆریش هۆکارێک دەبێت بۆ کەمیی ڤیتامین دی و هەوکردنی درێژخایەنی جەستە، هەموو ئەمانەش ڕێگەخۆشکەرن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.
تێكچوونی خەو بۆ ماوەیەکی درێژ هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵیش بەرزدەکاتەوە، ئەمەش وادەکات ئینسولین بەباشی کارنەکات(مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو زیاددەکات).
ئەگەر کەسێک چەند شەوێک لەسەر یەک چوار کاتژمێر و نیو بخەوێت، بە شێوازێکی درێژخایەن سیستمی بەرگریی جەستەی چالاکدەبێت و هەوکردن لە جەستەدا دروستدەبێت، ئەمەش پەیوەستە بە نەخۆشییەکانی دڵەوە.
لەکاتی خەوی قوڵدا مێشک دەست دەکات بە پاککردنەوەی خۆی لە پاشماوە زیانبەخشەکان، لەوانەش ئەو پڕۆتینانەی کە بەرپرسن لە تووشىوون بە نەخۆشیی ئاڵزەهایمەر.
ئەگەر تەنانەت یەک شەویش کەم بخەویت یان نەخەویت، ڕێژەی ئەم پڕۆتینە لە مێشکدا زیاددەکات، بە گوێرەی داتایەکی درێژخایەنی پەیمانگەی کارۆلینسکای سویدیش، ئەو کەسانەی شەوان کاردەکەن مەترسیی تووشبوونیان بە لەبیرچوونەوە بە ڕێژەی 36% زیاترە، ئەم مەترسییە لەو کەسانەشدا زیاترە کە زیاتر شەوان کاردەکەن.
14 کاتژمێر پێش ئێستا