سوپای پاسداران: ڕێگەمان لە تێپەڕبوونی چوار کەشتی بە گەرووی هوورمز گرت
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ ڕێگەیان لە چوار کەشتی گرتووە کە ویستوویانە بە گەرووی هوورمز تێپەڕن، دەشڵێت، تاکە ڕێگەی سەلامەت بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان ئەو ڕێگەیەیە کە ئەوان دیارییان کردووە".
ڕێگریکردن لە تێپەڕبوون بەو ڕێڕەوی ئەمریکا دیاریکردووە
لە ڕاگەیێنراوێکدا هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە "پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی تەمموز ڕێگرییان لە چوار کەشتی کردووە کە ویستوویانە بەو ڕێڕەوە تێپەڕن ئەمریکا لە گەرووی هوورمز دایناوە".
کەشتییەکان گوێیان بە هۆشیاریی هێزەکانی ئێران نەداوە
پاسدارانی ئێران دەشڵێت، ئەو چوار کەشتییە بە بێ ئاگاداری و مۆڵەتی هێزە دەریاییەکان ویستوویانە بەو ڕێڕەوە نایاساییەدا تێپەڕن و گوێیان بە ئاگاهی و هۆشداریی هێزەکانی ئێران نەداوە.
لە جوڵەکەوتنی دوان لە کەشتییەکان
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران بێ ئەوەی ئاماژە بە ڕووداو یان هەر هێرشێک لەلایەن هێزەکانیانەوە دەڵێت، "دوو لە کەشتییەکان دووچاری ڕووداوێک بوون و دواتر لە جووڵە وەستاون".
پاسدارانی ئێران دەشڵێت،"دوو کەشتییەکەی دوای ئەوان نەیانتوانیوە بەردەوامیی بدەن بە گەشتەکەیان و ڕێڕەوەکە تێپەڕێنن".
16 کاتژمێر پێش ئێستا