باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن: فڕۆکەخانە و بەندەری عەقەبە چۆڵکراون

شێوە عومەر 16 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە بەندەری عەقەیەی ئوردن، لە کاتی لەنگەرگرتنی کەشتییەکان
دیمەنێک لە بەندەری عەقەیەی ئوردن، لە کاتی لەنگەرگرتنی کەشتییەکان

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن ڕایگەیاند، بەهۆی هەڕەشەیەکی دیاریکراوەوە، فڕۆکەخانە و بەندەری عەقەبە لە باشووری ئوردن چۆڵکراون، لە بەرامبەردا حکومەتى عەممان ڕەتیکردەوە و ڕایگەیاند، هەردوو شوێنەکە کاری ئاسایی خۆیان دەکەن.

هۆشداری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ دوورکەوتنەوە لەو دوو شوێنە

ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن، هۆشداری دا بە هاوڵاتییانی ئەمریکی، کە گەشت نەکەن بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەقەبە و لە بەندەرەکەش نزیک نەبنەوە، بەو پێیەی بەهۆی هەڕەشەیەکی دیاریکراوەوە، دەسەڵاتدارانی ئوردن فڕۆکەخانە و بەندەرەکەیان چۆڵکردووە.

ڕەتکردنەوەی لێدوانەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا

بەڵام حکومەتى عەممان، لێدوانەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکای ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، فڕۆکەخانە و بەندەرەکەش بە ئاسایی کار دەکەن و جەختیشی کردەوە هیچ هەڕەشەیەک لە ئارادا نییە.

هۆشداری بەردەوام بە هاوڵاتیانی ئەمریکا لە ئوردن

هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عەممان ڕایگەیاند، بەردەوام هۆشداری دەدات بە ئەمریکییەکان، خۆیان لە گەشتکردن بۆ بنکە سەربازییەکانی ئوردن بەدوور بگرن.

لە مانگ ئازارەوە ڕێگە بە ئەمریکییەکان دراوە ئوردن جێبهێڵن

باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە 2ـی ئازاری 2026ـەوە، وەزارەتی دەرەوە ڕێگەی بە کارمەندانی حکومەتی ئەمریکا و خێزانەکانیان داوە، بەهۆی هەبوونی مەترسی ئەمنییەوە ئوردن بەجێبهێڵن.

بایەخی بەندەری عەقەبە

بەندەری عەقەبە، دەکەوێتە باشووری ئوردن و تاکە بەندەری دەریایی ئەو وڵاتەیە، گرنگییەکی ستراتیجی هەیە، وەکو جێگرەوەیەک بۆ گەرووی هوورمز بەکاردەهێنرێت بۆ گواستنەوەی کاڵا و هەناردەکردنی نەوت.

شێوە عومەر

16 کاتژمێر پێش ئێستا