سوپای ئیسرائیل: بەرپەرچی هێرشی ئێرانمان دایەوە بۆ سەر شاری عەقەبەی ئوردن

شێوە عومەر 18 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکەیەکی دژە مووشەکی ئاسمانیی ئیسرائیل ناسراو بە پاتریۆت
یەکەیەکی دژە مووشەکی ئاسمانیی ئیسرائیل ناسراو بە پاتریۆت

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، بە هاوکاری سوپای ئوردن، بەرپەرچی هێرشی نوێی ئێرانیان داوەتەوە بۆ سەر شاری عەقەبە، دوای ئەوەی حکومەتی ئوردن ڕەتیکردەوە کە فڕۆکەخانە و بەندەری شارەکە بەهۆی هەڕەشەی ئەمنییەوە چۆڵ کرابن.

سوپای ئیسرائیل بە ساتێکی کەم لە دەستپێکردنی هێرشەکە ئاگاداری مووشەکەکان بوون

چەند خولەکێک پێش ڕێگریکردنەکە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، مووشەکەکانی هەستپێکردووە کە لە ئێرانەوە ئاڕاستەی عەقەبە کراون و هۆشداریدا ئەگەر هەیە هەندێک لە مووشەکەکان یان پارچەکانیان، لەناو خاکی ئیسرائیلدا بکەونە خوارەوە.

تێکشکاندنی سێ مووشەکی ئێران

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئوردن ڕایگەیاند، سێ مووشەکی ئێرانییان تێکشکاندووە کە ئامانجیان خاکی ئوردن بووە، لە کاتێکدا چوارەمیان لە ناوچەیەکی چۆڵدا کەوتووەتەخوارەوە، بەبێ ئەوەی شوێنەکەی دیاری بکات.

عەقەبە وەک جێگرەوەیەک بۆ گەرووی هورمز

بەندەری عەقەبە، دەکەوێتە باشووری ئوردن و تاکە بەندەری دەریایی ئەو وڵاتەیە، گرنگییەکی ستراتیجی هەیە، وەکو جێگرەوەیەک بۆ گەرووی هوورمز بەکاردەهێنرێت بۆ گواستنەوەی کاڵا و هەناردەکردنی نەوت.

هۆشداری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن

پێش هێرشەکەی ئێران، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئوردن ڕایگەیاند، بەهۆی هەڕەشەیەکی دیاریکراوەوە، فڕۆکەخانە و بەندەری عەقەبە لە باشووری ئوردن چۆڵکراون، لە بەرامبەردا حکومەتى عەممان ڕەتیکردەوە و ڕایگەیاند، هەردوو شوێنەکە کاری ئاسایی خۆیان دەکەن.

هاوکات باڵیۆزخانەکە هۆشداری دا بە هاوڵاتییانی ئەمریکی، کە گەشت نەکەن بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەقەبە و لە بەندەرەکەش نزیک نەبنەوە.

ڕاگەیێنراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە، دوو سەربازی لە ئوردن کوژراون و یەکێکیش بێسەروشوێنە.

شێوە عومەر

18 کاتژمێر پێش ئێستا