پەیامەکەى بافڵ جەلال تاڵەبانى کاردانەوەى لێکەوتەوە
لەم دۆخە سەختەدا شانبەشانى براکانمان لە هەولێر دەوەستین و هێرشکردنە سەر هەر یەکێکمان هێرشە بۆسەر هەموومان" .. ئەوە بەشێکە لە ناوەڕۆکى دوایین پەیامى بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان لەپاش ئەنجامدانى هێرشە درۆنى و مووشەکییەکانى سەر هەردوو پارێزگاى هەولێر و سلێمانى.
سەلامەتی نەتەوە وەک هێڵی سوور
سەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەیدا سەلامەتی نەتەوەکەمان بە هێڵی سوور دادەنێت و دەستی برایەتیی و پشتیوانی لە سلێمانییەوە بۆ براکان لە هەولێر و ناوچەکانی دیکەی کوردستان درێژ دەکات.
پەیامەکە بکرێتە کرداری و لایەنەکان پێکەوە دۆخەکە تێپەڕێنن
هەر زوو هاونیشتمانییان لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ پەیامەکەى سەرۆکى یەکێتیی ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوەشدا جەختدەکەنەوە، پێویستە پەیامەکە بکرێتە کردار و لایەنەکان پێکەوە هەوڵى تێپەڕاندنى ئەم دۆخە بدەن.
پەیامێک بۆ دڵخۆشی و یەکڕیزی
بەشێک لە هاونیشتمانییان دەڵێت، "پەیامەکە بۆنى یەکڕیزیی لێدەکرێت و جێگەى دڵخۆشى هەموو کوردێکى دڵسۆزە". دەشڵێن، سەرکردایەتیى کورد ئاوا ڕاست و ڕاشکاوبێت خەڵکى کوردستان لەپشتیان دەبێت".
پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی و چەقبەستوویی پرۆسەی سیاسی
پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتییە لە کاتێکدایە کە پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان تووشی چەقبەستوویی بووە و پەرلەمانی کوردستان پەکی کەوتووە و حکومەتیش بووەتە کاربەڕێکەر و وەک پێویست بە ئەرکەکانی بۆ خزمەتکردنی هاونیشتمانییان هەڵناستێت.
پێویستی دۆخەکە بە هەڵوێستێکی هاوبەشی نیشتمانی
لەتیف نێروەیی ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتمانیی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کەناڵ8، لەبارەی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە گوتی، دۆخى ئێستا پێویستى بە هەڵوێستێکى هاوبەشى نیشتمانییە لە نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان نەک تەنیا بۆ یەکێتی و پارتی.
پەیامێک هاوشێوەی پەیامەکانی مام جەلال
هەروەها بەشێکی دیکەی بەشداربووانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە وەسفی پەیامەکەدا دەڵێت، " ئەم پەیامە هاوشێوەى پەیامەکانى مام جەلالە لە کاتە سەختەکاندا."
پەیامەکەى بافڵ جەلال تاڵەبانى لەناو دەنگى درۆن و دوکەڵى هێرشەکان، بووە هەوڵێک بۆ دروستکردنى ئەو چەترى یەکڕیزییەى هەمووان داواى دەکەن. هاونیشتمانییان لەگەڵ پشتیوانییان لە پەیامەکە چاوەڕوانی بەدەمەوەهاتنی لایەنەکانی دیکە و هاوهەڵوێستیان لێ دەکەن.
18 کاتژمێر پێش ئێستا