ئامانجی زەیدی بۆ واشنتن بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و ئابووری بوو
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە پاش ناکۆکی و مشتومڕێکی قورس و لەنێوان بەرداشی تاران و واشنتن بووە سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی ئەمریکای کرد و بڕیارە دواتریش بچێتە جەمسەرەکەی دیکە، کە ئێرانە. ئەوەش لەپێناو ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان واشنتن و تاران.
پێنج ڕۆژ لە دەستکەوتی فراوان
نووسینگەی سەرۆکوەزیران سەردانە پێنج ڕۆژییەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا، بە دەستکەوتێکی بەرفراوان لە لێکگەیشتن و ڕێککەوتن ناودەبات.
تەرخانکردنی بەشی زۆری سەردانەکە بۆ پرسە ئابورییەکان
عێراق بەهۆی جەنگی ئێران و تووندبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی تاران و واشنتن، لەژێر فشارێکی قورسی ئابوورییدایە، ئەوەش وای کرد، بەشی زۆری سەردانەکە بۆ پرسە ئابورییەکان تەرخان بکرێت.
ڕەهەندەکانی سەردانی زەیدی بۆ ئەمریکا
نووسینگەی سەرۆکوەزیران دەڵێت، هاوبەشیی ئابووری گشتگیر و هەمەچەشن لەگەڵ ئەمریکا یارمەتیدەرە بۆ کردنەوەی دەروازەی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو و تواناکانی بەرهەمهێنان و پاڵاوتن بەرز دەکاتەوە.
ئەوەش هەوڵەکانی عێراق دەردەخات بۆ دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت لەبری گەرووی هوورمز، کە لەژێر بەزەیی جەنگی ئێستا و هەر جەنگێکی دیکەدایە.
عێراق دەیەوێت دەروازە و جێگرەوەی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت بدۆزێتەوە
لەگەڵ ئەوەی سەردانەکە ڕەهەندی سیاسیی گرنگی بۆ کابینەکەی زەیدی و عێراق هەبوو، بەڵام زۆربەی دەرئەنجامەکانی سەردانەکە ئابووری بوون، لەوانە؛ بەهێزکردنی هاوکارییە هەواڵگرییەکان، تاوتوێکردنی هاوکاریی دارایی، چاکسازی لە کەرتی بانکی، واژۆکردنی 48 ڕێککەوتننامە و لێکگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا. هاوکات واژۆکردنی یاداشتێکی لێکگەیشتن لەگەڵ سووریا بۆ دروستکردنی بۆرییەک بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی سووریاوە.
وێستگەی داهاتووی سەردانەکەی زەیدی بۆ تارانە، ئەو شارەی لە شەڕێکی خوێناوییدایە لەگەڵ واشنتن و هێشتا قورساییەکی گەورەشی لەسەر ناوەندی بڕیار لە بەغداد هەیە.
18 کاتژمێر پێش ئێستا