لە هیچ شوێنێک بە ئەندازەی هەرێم قەیرانی کارەبا و سووتەمەنی نییە

جەبار حسین 20 کاتژمێر پێش ئێستا

دۆخێکى ئەمنى لەناکاو یان گرفتێکى ئابوورى، بەسە بۆ ئەوەى لاوازى ژێرخان و سیحرى پرۆژەکان بەتاڵ بکاتەوە.

زۆرینەى بەڵێنەکان لە ژێر تاقیکردنەوەیەکى ئاسایدا دەرناچن

حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەوەى بەزارەکى هەمیشە گوتوویانە ژێرخانى وڵات بەهێز دەکەن و سەرجەم سێکتەرەکان دەبوژێننەوە، بەڵام لە واقیعدا زۆرینەى بەڵێنەکان لە ژێر تاقیکردنەوەیەکى ئاسایدا دەرناچن.

واقیع شتێک و بانگەشەکان شتێکى دیکە

لە بانگەشەکانى لەمجۆرەدا کابینەى نۆیەم وەستایى و لێزانییەکى زۆرى هەیە، بەڵام وەک دەردەکەوێت کۆڵەوارى دەستانە، هەرزوو دەرکەوت واقیع شتێک و بانگەشەکان شتێکى دیکە.

لە هیچ شوێنێک بە ئەندازەی هەرێم قەیرانی کارەبا و سووتەمەنی نییە

هەفتەیەکە گەڕێکى دیکەى مووشەکباران و درۆن هەڵدان لەنێوان ئەمریکا و ئێران سەریهەڵداوەتەوە، زۆرێک لە وڵاتانى ناوچەکە ڕووبەڕووى هێرش بوونەتەوە، بەڵام لە هیچ کامیاندا وەک هەرێمى کوردستان قەیرانى کارەبا و سووتەمەنى دروست نەبووە.

کارەبا وەک ترۆپکی قەیرانەکان

کارەبا، ترۆپکى قەیرانەکانە و بەم هاوینە کارەبا زۆرى بۆ هاونیشتمانییان هێناوە و ئیشوکارى کەسبکارانیشى پەکخستووە.

زیاتر لە 80%ـی کارەبای هەرێمى کوردستان پێویستی بە غازی کۆرمۆر هەیە، نەتوانراوە گرەنتى ئەمنى بۆ کۆمپانیاکان دابینبکرێت یاخود جێگرەوەیەک بدۆزرێتەوە جگە لە مۆلیدە.

هەر لەگەڵ ئەوەى کۆمپانیاکان کارکردنیان ڕاگرت، بەرهەمهێنانى کارەباش دوو هەزار و 500 مێگاوات دابەزى، ئەمە یەکەمجار نییە و لە شەڕەکەى پێشتریشدا هەمان تاس و هەمان حەمام بوو.

تەنانەت لە ئێران و وڵاتانى دیکەش قەیرانى کارەبا و بەنزین بەو شێوەیە نییە کە لە هەرێمى کوردستان هەیە، جگە لە کارەبا قەیرانى بەنزین و غازیش هەرزوو خۆى کرد بەناودا.

نەک هەر هاونیشتمانییان، تەنانەت لاى میدیاکانى سەرۆکى حکومەتى کاربەڕێکەریش لیستى قەیرانەکان دوورودرێژە کە زۆرینەیان پێداویستى سەرەتایى ژیانن، وەک کارەبا، غاز و بەنزین و مووچەش.

نەبوونى ژێرخان و پلانى نیشتمانى بۆ سووتەمەنی

بەنزین، نمونەیەکى دیکە کە نەبوونى ژێرخان و پلانى نیشتمانى دەردەخات، لەبەرئەوەى مامەڵەیەکى حیزبى و بەرژەوەندى خێزانى بۆ ئەم بابەتە لێکدراوەتەوە، هەر کە ڕووداوێک یان گرفتێکى بچووکیش ڕوودەدات ڕاستەوخۆ قەیران دروست دەبێت، چونکە ئامانجەکە قازانجى کۆمپانیاکانى کار و لانازە، لە کاتێکدا سیستمێکی مۆدێرنیان نییە بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی کوالێتی بەرزو توانای دابینکردنی پێداویستی ناوخۆیان بە تەواوی نییە.

هۆکارەکانی نەبوونی ژێرخانێکی بەهێز لە هەرێمی کوردستان

هۆکارەکانی نەبوونی ژێرخانێکی بەهێز لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵێک فاکتەری مێژوویی، سیاسی، ئابووری و کارگێڕی دەگەڕێتەوە، بەڵام لە حەوت ساڵى ڕابردوودا کابینەى نۆیەم هێندەى خەریکى پرۆژەى ڕواڵەتى و شۆى میدیایى بووە، نیو هێندە بە خەمى ژێرخانەوە نەبووە.

بەربەستێکى دیکەى بەردەم نەبوونى ژێرخانێکی بەهێز، گەندەڵى کارگێڕ و نادادپەروەرییە لە دابەشکردنى داهات لە نێوان پارێزگاکان. کە ئەوەش بووەتە هۆى جیاکارى لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە نێوان شاروچارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان، نەبوونی شەفافیەت لە گرێبەستەکان و داهاتەکان، بووە هۆی ئەوەی پارەی پێویست نەگاتە پڕۆژە ڕاستەقینەکان.

زاڵبوونی هەژموونی حیزبی بەسەر کەرتی وەبەرهێنان و بەڵیندەرایەتیدا، کاریگەرى نەرێنى لەسەر نەبوونى ژێرخانێکی بەهێز هەبووە و ڕکابەری دروستی کۆمپانیاکانی لەناوبردووە و کوالێتی پڕۆژەکانی دابەزاندووە.

جەبار حسین

20 کاتژمێر پێش ئێستا