چاوەکان لەسەر بڕیاری دادگای پێداچوونەوەیە لەبارەی جەهەپە

محەمەد عەلی 20 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆکۆی جەهەپە
لۆکۆی جەهەپە

لە کاتێکدا 20ـی تەمموز ساڵی دادوەریی لە تورکیا کۆتایی دێت و پشووی دادوەری دەستپێدەکات، چاوەکان لەسەر بڕیاری فەرمانگەی ئێشکگری دادگای باڵای پێداچوونەوەیە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی 38ـی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە).

دەستپێکردنی پشووی دادوەریی لە تورکیا

هەینی ڕابردوو، داواکارییەکەی ئۆزەل بۆ تانەدان لە بڕیارەکە گەیشتە دادگای باڵای پێداچوونەوە و بڕیارە پاش تەواوبوونی پشووی کۆتایی هەفتە، لە 20ـی تەمموز بەدواوە بخرێتە بەرنامەی کاری دادگاکەوە.

هاوکات پشووی دادوەریی لە تورکیا لە 20ـی تەمموزەوە دەستپێدەکات و جگە لە فەرمانگە و دادوەرە ئێشکگرەکان، تەواوی دەزگای دادوەریی تورکیا جگە لە دادگای دەستووریی، تاوەکو سەرەتای ساڵی نوێی دادوەریی لە یەکی ئەیلوولدا دەچنە پشووەوە.

هەموو چاوەکان لەسەر بڕیاری فەرمانگەی ئێشکگری دادگای باڵای پێداچوونەوەیە

لە ئێستادا چاوەکان لەسەر ئەو بڕیارەیە کە فەرمانگەی ئێشکگری دادگای باڵای پێداچوونەوە لەبارەی بڕیارەکەی دادگای ئەنقەرە دەیدات.

ڕاو سەرنجی یاساناسانی تورکیا لە بارەی دۆسیەی ئۆزگور ئۆزەل

یاساناسان بە میدیای تورکیایان ڕاگەیاندووە، ئەگەر فەرمانگەی ئێشکگری دادگای باڵا بڕیاربدات بە هەڵگرتنی ڕێکارێکی کاتیی کە تایبەتە بە دوورخستنەوەی ئۆزگور ئۆزەل، ئەوا ئۆزەل دەتوانێت وەک سەرۆکی گشتیی جەهەپە دەستبەکارببێتەوە.

فەرمانگەی ئێشکگری دادگای باڵای پێداچوونەوە، تەنیا لەسەر داواکاری یەکێک لە لایەنەکان دەتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکانی دادگا بکات و لە دەسەڵاتیدایە بڕیار لەبارەی ڕێکاری کاتیی بدات و پێداچوونەوەی کۆتایی لەبارەی دۆسییەکە دەکەوێتە ساڵی نوێی دادوەری.

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی جەهەپە

پاش ئەوەی لە 21ـی ئایاردا، 36ـەمین دادگای ئەنقەرە فەرمانی بە هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی 38ـی جەهەپە کرد و وەک ڕێکارێکی کاتی و بۆ ئەوەی ڕێگریی لە قەرەبووکردنەوەی دواتر بکات، ئۆزگور ئۆزەلی سەرۆکی گشتیی پارتەکەی دوورخستەوە کە لە ئەنجامی کۆنگرەکە هەڵبژێردرابوو، کەمال کڵچدارئۆغڵوی کردەوە بە سەرۆکی پارتەکە، ئۆزەل لە دادگای باڵای پێداچوونەوە تانەی لە بڕیارەکە دا. 

محەمەد عەلی

20 کاتژمێر پێش ئێستا