وەزارەتی کارەبای عێراق: ئاڵنگاریی گەورەمان لەبەردەمدایە
وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرای دەکات، بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕن و هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هونەرییەکان و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاوڵاتییان چڕکردووەتەوە.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خواست لەسەر کارەبا زیاتر دەبێت
ئەحمەد تورکی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، بە تەواوەتی هەست بەو نەهامەتییە دەکەن، کە هاوڵاتییانی پێدا تێدەپەڕێت بەهۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا، بە تایبەت کە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زۆربوونی خواست لەسەر وزە.
تێپەڕبوونی سیستمی کارەبای نیشتمانیی بە دۆخێکی نائاساییدا
دەشڵێت، سیستمی کارەبای نیشتمانیی بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت، کە کۆمەڵێک ئاڵنگاریی لەبەردەمدایە، گرنگترینیان کەمبوونەوەی هاوردەی غازە بە هۆی جەنگ، زۆری خواست، بەردەوامبوونی زیادەڕۆ لەسەر تۆڕەکانی کارەبا، کۆن بوونی ژێرخانی بەشێک لە وێستگەکان، پێویستیی تەرخانکردنی بودجەیەکی گەورە بۆ پڕۆژەکانی کارەبا.
هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کارەبا
بە گوتەی ئەحمەد تورکی، تیمەکانی وەزارەتی کارەبا سەرەڕای ئاڵنگارییەکان بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە سەرجەم پارێزگاکان، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هونەرییەکان و خێراترکردنی کارکردن لە پڕۆژەکانی گواستنەوە و دابەشکردن.
چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکان پێویستی بە کاری بەردەوام هەیە
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا جەختلەوە دەکاتەوە، چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکان پێویستی بە کاری بەردەوام و هەماهەنگیی سەرجەم لایەنەکان، لەنێویاندا دەستپێوەرگرتنی بەکارهێنانی کارەبا، ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆدان و ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە زیادەڕۆییەکان.
لەم وەرزی گەرمایەدا لە عێراق بەهۆی زۆری خواستەوە، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ نزیکەی 10 کاتژمێر کەمبووەتەوە. لە کاتێکدا ئێستا بەرهەمی کارەبا لە عێراق نزیکەی 24 هەزار مێگاواتە بەڵام خواست لەسەر کارەبا دەگاتە 55 هەزار مێگاوات.
21 کاتژمێر پێش ئێستا