کوەیت: ئێران دامەزراوە ستراتیجییەکانمان بۆردوومان دەکات

ئارام یوسف 19 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێک لە هێرشی ئێران بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی کوەیت. فۆتۆ: AFP
دیمەنێک لە هێرشی ئێران بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی کوەیت. فۆتۆ: AFP

سعود عەبدولعەزیز، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت ڕایگەیاند، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر دامەزراوە مەدەنی و ستراتیجییەکانی وڵاتەکەی زیانی گەورەیان لێ کەوتووەتەوە، جەختیشی لەوە کردەوە، کە هێزە چەکدارەکان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هێرشێک و پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

چاودێریکردنی جووڵە ئاسمانییەکان

سعود عەبدولعەزیز، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت لەبارەی چاودێریکردنی ئاسمانی وڵاتەوە ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممەوە، چاودێریی مووشەکە بالیستیکی و درۆنەکانی ئێرانیان لە کایەی ئاسمانیی کوەیت کردووە، بەرپەرچیان داوەتەوە و مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون.

زیانەکانی کەرتی وزە و خزمەتگوزاری

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا لەبارەی جۆری زیانەکانەوە ئاماژە بەوە کراوە، دووژمنکارییەکانی ئێران بەردەوامن و دامەزراوە مەدەنی و ستراتیجییەکانی وڵاتەکەیان دەکەنە ئامانج، وەک کارەبا، ئاو و وزەی نوێ؛ ئەو هێرشانە بوونەتە هۆکاری ئاگرکەوتنەوە و زیانگەیاندنی گەورە بە ژمارەیەک دامەزراوەی ستراتیجی.

ئەرکی هێزە چەکدارەکان لە پاراستنی وڵات

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت لەبارەی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەوە جەختی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بە باشترین شێوە و هەمیشە لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ پاراستنی سەروەریی وڵات و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

ئارام یوسف

19 کاتژمێر پێش ئێستا