ئیکۆ عێراق : ئەمساڵ بەرهەمهێنانی نەوت 302 ملیۆن بەرمیل کەمیکردووە

یاد نەوزاد 19 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق، فۆتۆ: AFP
یەکێک لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق، فۆتۆ: AFP

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ئامارەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ی نەوتی بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد کە جەنگ، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمز بوونەتە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 302.8 ملیۆن بەرمیل نەوت، ئەمەش دوای ئەوەی بەرهەمهێنان لە نیوەی دووەمی شەش مانگەکەدا ڕووی لە دابەزینێکی پێوانەیی کرد.

زەربەی جەنگ و ئاڵۆزییەکان لە بەرهەمهێنان

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنان و زیانەکانەوە ڕایگەیاند، عێراق لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا نزیکەی 440.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە، هاوکات زیانی بەرهەمهێنان بە بەراورد بە ڕێژەی ئاسایی نزیکەی 302.8 ملیۆن بەرمیل بووە، ئەمەش لە ئەنجامی ئاڵۆزی و جەنگی ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمزەوە.

کاریگەریی ڕووداوەکان لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی مانگانە

ڕوانگەی ئیکۆ لەبارەی گۆڕانکارییەکانی بەرهەمهێنانی مانگانەوە گوتی "بەرهەمهێنانی نەوت لە ماوەی مانگی کانوونی دووەم و شوباتدا لە ئاستی ئاسایی خۆیدا بوو، بە تێکڕا زیاتر لە 4.1 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، دواتر لە ماوەی مانگەکانی ئازار، نیسان، ئایار و حوزەیراندا ئاستی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە کە کاریگەرییان لەسەر کارەکانی هەناردەکردن و بەرهەمهێنانی نەوت هەبووە".

ئاماری بەرهەمهێنانی نەوت لە 6 مانگ دا

ڕوانگەکە لەبارەی تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەوە ڕوونیشی کردووەتەوە "تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانە لە مانگی کانوونی دووەمدا 4 ملیۆن و 120 هەزار بەرمیل بووە، لە مانگی شوباتدا 4 ملیۆن و 140 هەزار بەرمیل بووە، دواتر لە مانگی ئازاردا بۆ 1 ملیۆن و 906 هەزار بەرمیل و لە مانگی نیساندا بۆ 1 ملیۆن و 633 هەزار بەرمیل دابەزیوە، هەروەها لە مانگی ئایاریشدا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی کە 1 ملیۆن و 406 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، دواتر لە مانگی حوزەیراندا بڕەکە بەرز بووەتەوە بۆ 1 ملیۆن و 525 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا".

کۆی زیانەکانی نەوتی عێراق لە چوار مانگدا

ئیکۆ عێراق لەبارەی کۆی زیانەکانی بەرهەمهێنانەوە ئاماژەی بەوەش کردووە "کۆی زیانەکانی بەرهەمهێنان لە ماوەی چوار مانگدا گەیشتووەتە نزیکەی 302.8 ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئاسایی 4.1 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە".

یاد نەوزاد

19 کاتژمێر پێش ئێستا