مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق: هیچ هێرشێکمان بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا ئەنجام نەداوە
لە کاتێکدا سێنتکۆم کوژرانی سەربازێکی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئەنجامدانی هەر جۆرە هێرشێک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەت دەکاتەوە و هەڕەشەی جەنگی ڕاستەوخۆ دەکات.
ڕەتکردنەوەی هێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو
بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هیچ جۆرە هێرشێکیان بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە ئەنجام نەداوە. ئەم ڕەتکردنەوەیە دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، کە تێیدا ئاماژە بە کوژرانی 1 سەرباز و برینداربوونی سەربازێکی دیکە کرابوو لە ئەنجامی هێرشێک لە هەرێمی کوردستان.
ئامادەباشی بۆ جەنگی ڕاستەوخۆ
مقاوەمەی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئامادەباشی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ بەشداریکردنی ڕاستەوخۆ لە جەنگ دژ بە هێزەکانی ئەمریکا. ئەم گرووپە چەکدارانە مەرجی بەشداریکردنیان بەستووەتەوە بە هەڵوێستی واشنتن و ڕایانگەیاندووە، ئەگەر بێتو ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران فراوان بکات، ئەوا ئەوانیش ڕاستەوخۆ دەچنە ناو جەنگەکەوە.
بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە
گرووپەکانی ناو مقاوەمەی ئیسلامی هۆشداری دەدەن کە لە کاتی فراوانبوونی ململانێکاندا، بە هەموو هێزیانەوە تەواوی پێگە و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج. جەختیشیان کردووەتەوە کە هیچ سنوورێک بۆ وەڵامدانەوەکانیان نانێن ئەگەر بێت و سەروەریی وڵاتانی ناوچەکە و ئێران لەلایەن ئەمریکاوە بخرێتە مەترسییەوە.
19 کاتژمێر پێش ئێستا