عەلی زەیدی و گرووپە چەکدارەکان؛ کاتژمێری سفر بۆ ڕووبەڕووبوونەوە نزیکدەبێتەوە

رێبوار حەمەوەیس 19 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە واژۆکردنی 48 ڕێککەوتنی ستراتیژی بە بەهای 60 ملیار دۆلار گەڕایەوە، بەڵام ئاڵێنگارییە ناوخۆییەکان و هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان ئاییندەی ئەم هاوبەشییە دەخەنە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت.

دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکان

عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، بە واژۆکردنى 48 ڕێککەوتن و یاداشتنامە کە بەهاکەیان زیاتر لە 60 ملیار دۆلارە، قۆناغێکى نوێى لە پەیوەندییەکانى ئەمریکا و عێراق دەستپێکرد. لەکاتێکدا ناوچەکە لە نێو گێژاوى جەنگى ئەمریکا و ئێراندا گیرۆدەبووە، زەیدى دەرگاى عێراقى بۆ وەبەرهێنانى کۆمپانیا گەورەکانى ئەمریکا خستە سەرپشت و ئامانجیەتی عێراق لە وڵاتێکى قەیراناوییەوە بگۆڕێت بۆ وڵاتى دەرفەتە ئابوورییەکان.

ئاستەنگە ناوخۆییەکان و مەرجەکانی واشنتن

ئەو ئامانجەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیەتی، ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێکی ناوخۆیی بووەتەوە کە ئاسۆکەی بە ناڕوونی هێشتووەتەوە. هەنگاوە تەواونەکراوەکان لە پرسى تەواوکردنى کابینەى حکومەت، کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى، وەک بەربەستی سەرەکی دەبینرێن. پشتیوانییەکانى ئەمریکاش بۆ عێراق بەندە بە هەنگاوە کردارییەکانی حکومەت لە جێبەجێکردنی ئەو پرسانەدا.

پشتیوانیی سیاسی و نیگەرانییەکانی تاران

لەسەر ئاستى سیاسى ناوخۆ، چوارچێوەى هەماهەنگى و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت پێش سەردانەکە پشتیوانیی تەواوەتییان بۆ زەیدی دەربڕی، بەڵام بەرەی مقاوەمەى ئیسلامى و کۆمارى ئیسلامیى ئێران نیگەرانن لەم لێکتێگەیشتنانە. مقاوەمەى ئیسلامى هۆشداریی داوە لەوەی ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی گۆڕینى "داگیرکاریى سەربازى بۆ داگیرکاریی ئابوورى" دەکات.

چارەنووسی گرووپە چەکدارەکان و کاتى چەککردنیان

تاوەکو ئێستا گرووپەکانی وەک کەتیبەکانى حیزبوڵا، سەیدولشوهەدا و نوجەبا ڕەتیانکردووەتەوە چەکەکانیان دابنێن. هەر کاردانەوەیەکى ئەو گرووپانە لە داهاتوودا حکومەتەکەى زەیدى دەخەنە دووڕیانێکى مەترسیدارەوە. بڕیار وایە 30ی ئەیلوولى داهاتوو ببێتە تاقیکردنەوەیەکى کردارى بۆ تواناى عەلى زەیدى لە پرسی چەککردنى ئەو گرووپانە، ئەگەرنا ڕەنگە ڕووبەڕووی بەکارهێنانی هێز ببنەوە.

هێرشەکانی هەرێمی کوردستان وەک پەیامێکی پێشوەختە

هێرشەکانى چەند ڕۆژى ڕابردووى سەر هەرێمى کوردستان وەک پەیامێکى پێشوەختە بۆ عەلی زەیدی لێکدەدرێتەوە کە ڕێگەکەى بۆ بونیادنانی هاوبەشیی ستراتیجی لەگەڵ واشنتن "گوڵڕێژ نییە". زەیدی دوای بەجێهێشتنی ئەمریکا ڕژدبوونی خۆی بۆ ئەم هاوبەشییە دووپاتکردووەتەوە، بەڵام چەند مانگى داهاتوو دەریدەخات عێراق دەتوانێت قەیرانەکان بگۆڕێت بۆ دەرفەت یاخود لە بازنەیەکى داخراوی ململانێکاندا دەمێنێتەوە.

رێبوار حەمەوەیس

19 کاتژمێر پێش ئێستا