لە 34 دۆلارەوە بۆ 63 دۆلار؛ بۆچی جەنگ گازی زیاتر لە نەوت گران کرد؟

کەناڵ8 18 کاتژمێر پێش ئێستا
کەشتییەکی گواستنەوەی گازی شروشتیی
کەشتییەکی گواستنەوەی گازی شروشتیی

پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران بازاڕی وزەی جیهانی رووبەڕووی قەیرانێکی قورس کردووەتەوە و نرخی گازی سروشتی بە شێوەیەکی خێراتر لە نەوت بەرزبووەتەوە.

جیاوازیی نرخ و هەڵکشانی گاز

پێش سەرهەڵدانی جەنگ، نەوت و گاز بەبێ گرفت بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕین، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان، نرخی گازی سروشتی دوو هێندەی نرخی نەوت بازیدا. هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا جگە لە پیشەسازی، بۆ دابینکردنی کارەبا و گەرمکەرەوەی ماڵەکانیان بە تەواوی پشت بە گازی سروشتی دەبەستن، ئەمەش وایکردووە خواست لەسەری زۆر بێت و نرخەکەی بەرزبێتەوە.

بەراوردی نرخەکان پێش و پاش جەنگ

لە ئێستادا نرخی نەوتی خاو گەیشتووەتە سەرووی 90 دۆلار، کە بە رێژەی 20% بەرزبووەتەوە بەراورد بە پێش جەنگ کە 70 دۆلار بووە. بەڵام لە کەرتی گازدا گۆڕانکارییەکان گەورەترن؛ گازی ئەوروپی (TTF هۆڵەندی) لە ئێستادا بە نزیکەی 63 دۆلارە بۆ هەر مێگاوات کاتژمێرێک، لەکاتێکدا پێش قەیرانەکە تەنیا 34.33 دۆلار بووە.

کێشەی لۆجستی و گەرووی هورمز

ناجی ئەبی عاد، لە سەنتەری توێژینەوەی کەنداو لە سعودیە ئاماژە بەوە دەکات، زیانەکانی دابینکردنی گاز هەم فیزیکی و هەم لۆجستین. گرفتە سەرەکییەکە ئەوەیە هیچ بۆرییەکی گاز نییە لە قەتەر یان ئیماراتەوە گاز بگوازێتەوە بۆ دەرەوەی گەرووی هورمز، لەکاتێکدا بۆ نەوت رێگەی جێگرەوە هەیە. ئەمەش وایکردووە بازاڕەکانی جیهان نیگەرانییەکی زۆریان لە کەمیی هاوردەکردنی گاز هەبێت.

دۆخی یەدەگی گاز لە ئەوروپا

ئەوروپا لە بارودۆخێکی خراپدایە؛ یەدەگی گازی ئەو کیشوەرە تا کۆتایی مانگی شوبات بۆ 30% دابەزیوە، لەکاتێکدا لە مانگی 10ـی ساڵی رابردوو ئاستی یەدەگەکە 85% بووە. زستانە سەختەکە و جەنگەکە وایانکردووە یەدەگەکان بە خێرایی کەم بکەنەوە.

رکابەریی ئاسیا و ئەوروپا

ئێستا وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا لە کێبڕکێیەکی تونددان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگرەوە. لەم ماوەیەدا ئەوروپا نەیتوانی سوود لەو گازە وەربگرێت کە قەتەر و ئیمارات هەناردەیان دەکرد، چونکە زۆربەی بارەکان بەرەو ئاسیا رۆیشتن، بەتایبەت بۆ پاکستان و هیندستان کە بە رێژەی 50% تا 100% پشت بە گازی کەنداو دەبەستن. بەهۆی شەپۆلی گەرما و زیادبوونی بەکارهێنانی کارەبا، یەدەگی گاز زیاتر کەمی کردووە و مەترسییەکان بۆ وەرزی زستانی داهاتوو زیاتر بوون.

کەناڵ8

18 کاتژمێر پێش ئێستا