ئایا نرخی پاسپۆرت دەبێتە 10 هەزار دینار؟ پاسپۆرتی سلێمانی وەڵام دەداتەوە

کەناڵ8 19 کاتژمێر پێش ئێستا
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی دەنگۆی کەمکردنەوەی ڕسووماتی پاسپۆرت ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، گرێبەستێکی 10 ساڵە ڕێگرە لە گۆڕانکاریی نرخەکان.

بەردەوامیی نرخە کۆنەکە

بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی ڕوونکردنەوە لەبارەی تێچووی دەرکردن و نوێکردنەوەی پاسپۆرت دەدات. عەمید سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ڕایگەیاند، پارەی ڕسوومات وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ بڕیارێکی نوێ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکە دەرنەچووە.

گرێبەستی 10 ساڵە و کۆمپانیاکان

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئاشکرای کرد کە ماوەی 3 ساڵە تێچووی پاسپۆرت کراوەتە 91,000 دینار. ئەم نرخە پەیوەندی بە گرێبەستێکی 10 ساڵەی نێوان حکومەتی فیدراڵ و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە هەیە. بەپێی وتەی عەمید سالار، ئەگەر حکومەت بیەوێت نرخەکە کەم بکاتەوە، دەبێت بۆ 7 ساڵی داهاتوو قەرەبوویەکی دارایی زۆر گەورەی ئەو کۆمپانیایە بکاتەوە، ئەمەش وادەکات کەمکردنەوەی نرخەکە لە ئێستادا کارێکی قورس بێت.

پێشنیازی پەرلەمانتاران و بڕیاری حکومەت

سەبارەت بە لێدوانی ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە وتبووی تێچووی پاسپۆرت تەنیا 10,000 دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت، عەمید سالار ڕوونی کردەوە کە ئەوەی بڵاوکراوەتەوە تەنیا پێشنیازی پەرلەمانتارێک بووە بۆ حکومەت بۆ کەمکردنەوەی نرخ. جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو قسانە نەبوونەتە یاسا و هیچ بڕیارێکی فەرمی حکومییان لەسەر نییە.

کەناڵ8

19 کاتژمێر پێش ئێستا