ڕۆژی پێنجشەممە زەیدی دەچێتە تاران

رێبوار حەمەوەیس 17 کاتژمێر پێش ئێستا
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی گەیشتنی بە واشنتن
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی گەیشتنی بە واشنتن

سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کۆتاییهاتنی گەشتەکەی بۆ واشنتن، گەڕێکی نوێی سەردانە هەرێمییەکانی بۆ ئێران و تورکیا دەستپێدەکات.

سەردانی تاران و تاقیکردنەوەی بەڵێنەکان

بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی تاران بکات. ئەم سەردانە دوای گەڕانەوەی دێت لە واشنتن، کە وەک ڕێچکەی سەرۆکوەزیرانەکانی پێشووی عێراق لێکدەدرێتەوە. چاودێران ئەم گەشتە وەک تاقیکردنەوەیەک دەبینن بۆ ئاستی پابەندبوونی زەیدی بەو بەڵێنانەی لە ئەمریکا دابوونی.

ئامانجی سەردانە هەرێمییەکان

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، عەلی زەیدی بەمنزیکانە سەردانی ئێران و تورکیا دەکات. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتدایە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. لەم کۆبوونەوانەدا تاوتوێی دۆسییە هاوبەشەکان، کێشە هەرێمییەکان و هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان دەکرێت.

دۆسییەی چەک و سەروەریی عێراق

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە یەکێک لە ئەجێنداکانی سەردانی تاران تایبەتە بە چەکی گرووپە چەکدارەکان، گوتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند، دۆسییەی کۆکردنەوەی چەک پرسێکی گرێدراوە بە سەروەریی عێراق. عەبوودی جەختی کردەوە کە ئەم بابەتە بەگوێرەی دەستوور و یاسا و بە بڕیارێکی نیشتمانیی سەربەخۆ بەڕێوەدەبرێت و ئامانجی بەهێزکردنی سەروەریی یاسایە لە ناوخۆدا.

سەردانی تورکیا

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە تاران، بڕیارە عەلی زەیدی لە ڕۆژی 28ـی ئەم مانگەدا سەردانی تورکیا بکات بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەسەر پرسە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە.

رێبوار حەمەوەیس

17 کاتژمێر پێش ئێستا