سیپان شێروانی: ترەمپ پەیامی بۆ عەلی زەیدی ناردووە و داوای گەرەنتی بۆ کۆمپانیاکانی کوردستان دەکات

رێبوار حەمەوەیس 17 کاتژمێر پێش ئێستا

پەرلەمانتارێکی پارتی لە بەغداد پەردە لەسەر وردەکاریی ڕێککەوتنەکانی واشنتن و بەغداد لادەدات و هاوکات هۆشداری لە کەمبوونی پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆ دەدات.

ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا

سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، عەلی زەیدی لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، چەند ڕێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان واژۆ کردووە. ئەم ڕێککەوتنانە بوارەکانی دۆزینەوەی بیری نوێ، گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان و پرۆسەی پاڵاوتن دەگرنەوە، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بەهێزکردنی ئابووریی عێراق و گرەنتیکردنی قووت و بژێویی خەڵک لە داهاتوودا دەبێت.

پەیامی دۆناڵد ترەمپ و گەرەنتی کۆمپانیاکان

بەپێی گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پێش دەستپێکردنی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ واشنتن، تۆم باراک پەیامێکی دۆناڵد ترەمپی بە عەلی زەیدی گەیاندووە. لە پەیامەکەدا داواکراوە کە حکومەتی عێراق گەرەنتی پاراستن و کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بدات، بەتایبەت ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن. شێروانی ئاماژەی بەوەش کرد کە دوو لەو کۆمپانیایانەی زەیدی ڕێککەوتنی لەگەڵ کردوون، پێشتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری گازی سروشتیدا کاریان کردووە.

کەمبوونی پشکی نەوتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان

لەلایەکی دیکەوە، سیپان شێروانی تیشکی خستە سەر قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجەدا بڕی 50,000 بەرمیل نەوت بۆ بەرهەمی ناوخۆی هەرێم تەرخان کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە بۆ 15 پارێزگاکەی تری عێراق بڕی 1,000,000 بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆیی دانراوە، کە ئەمەش جیاوازییەکی گەورە و نادادپەروەرییەکی ئاشکرایە.

شایستەی ڕاستەقینە و ڕێژەی 14%

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی کردەوە کە ڕێژەی هەرێمی کوردستان 14%ـی عێراق پێکدەهێنێت. ئەگەر بەراورد بەو یەک ملیۆن بەرمیلەی بۆ عێراق دانراوە پشکی هەرێم دیاری بکرێت، دەبێت بڕی 140,000 بەرمیل نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکرێت بۆ ئەوەی قەیرانی سووتەمەنی کۆتایی بێت.

پێشنیازەکان بۆ چارەسەری قەیرانی سووتەمەنی

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی و پشکی نەوتی هەرێم، سیپان شێروانی سێ ڕێگەچارەی خستە ڕوو؛ یەکەم، داوا لە حکومەتی فیدراڵ بکرێت بەشێک لە بەرهەمی ناوخۆیی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. دووەم، کار بۆ جێگیرکردنی شایستەکان لە یاسای نەوت و گازدا بکرێت. سێیەم، لە ڕێگەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەوە پشکی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕێکبخرێتەوە.

رێبوار حەمەوەیس

17 کاتژمێر پێش ئێستا