مۆندیالی سیاسییەکان؛ کێ پیرۆزبایی کرد و کێ دڵتەنگ بوو؟

رێبوار حەمەوەیس 17 کاتژمێر پێش ئێستا
فێران تۆرێس، یاریزانی ئیسپانیا لە ساتی دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەی لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا. فۆتۆ: AFP
فێران تۆرێس، یاریزانی ئیسپانیا لە ساتی دوای تۆمارکردنی گۆڵەکەی لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا. فۆتۆ: AFP

سەرکەوتنی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەسەر ئەرجەنتین لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026، کاردانەوەی فراوانی لەنێوان سەرۆک و سەرکردە سیاسییەکانی جیهان لێکەوتەوە و ململانێ ناوچەییەکانی گواستەوە ناو وەرزش.

هەڵوێستی موقتەدا سەدر و ململانێ لەگەڵ نەتانیاهوو

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس تەنیا بە دوو وشە نووسیویەتی "سوپاس ئیسپانیا". ئەم هەڵوێستەی سەدر وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لێکدەدرێتەوە کە پێش یارییەکە پشتیوانی خۆی بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ڕاگەیاندبوو.

سەرنجەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر یارییەکە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە لە نێو یاریگادا ئامادەی یاریی کۆتایی بوو، ڕایگەیاند کە ئیسپانیا باشتر یاریی کرد و زاڵبوون بەسەر یارییەکەدا، ئاماژەی بەوەش کرد کە بە ئەنجامەکە دڵتەنگ نەبووە. ترەمپ پێشتریش لەم مۆندیالەدا ڕەخنەی لە تۆماس تۆخێل، ڕاهێنەری ئینگلتەرا گرتبوو بەهۆی شێوازی بەکارهێنانی هاری کەین لە هێڵی بەرگریدا.

پیرۆزبایی ئەردۆغان بۆ گەلی ئیسپانیا

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردەکەی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەرکرا، پیرۆزبایی لە ئیسپانیا کرد. ئەردۆغان لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەکەم بۆ بردنەوەی مۆندیالی 2026" و سڵاوی بۆ گەلی ئیسپانیا ناردووە.

ڕەخنەکانی سەدر لە هەڵبژاردەی عێراق

پێش یاریی کۆتایی، موقتەدا سەدر هەڵوێستی توندی بەرامبەر ئاستی هەڵبژاردەی عێراق هەبوو کە لە قۆناغی کۆمەڵەکاندا دەرکرا. سەدر ڕایگەیاندبوو کە نابێت بێدەنگی لە ئاست ئەو ئەنجامە "شەرمنانەیە" بکرێت و داوای گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە یاریزانان، ڕاهێنەر و دەستەی کارگێڕی کردبوو، دوور لە تائیفەگەری و حیزبایەتی.

رێبوار حەمەوەیس

17 کاتژمێر پێش ئێستا