خەفاجی بۆ کەناڵ8: مووچەی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسییەکان دوورخراوەتەوە

رێبوار حەمەوەیس 17 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران جەخت لەوە دەکاتەوە کە سوودی ڕێککەوتنەکانی واشنتن پەیوەستە بە جدییەت لە جێبەجێکردنیان و هاوکات دڵنیایی دەدات کە چیتر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تێکەڵی کێشە سیاسییەکان ناکرێت.

جدییەت لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی وزە

عەبد حەمزە خەفاجی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 سەبارەت بە سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا ڕایگەیاند، واژۆکردنی گرێبەست لە بواری نەوت و وزەدا تەنیا کاتێک ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر عێراق دەبێت کە جدییەت لە جێبەجێکردنیاندا هەبێت. ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر وەک ڕابردوو بێت و پڕۆژەکان تەنیا کەڵەکە ببن، دۆخەکە ناگۆڕێت. خەفاجی وەبیرهێنایەوە کە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕێککەوتن لە بواری کارەبا و وزە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کراون، بەڵام بەهۆی جێبەجێنەکردنیانەوە بێ ئەنجام ماونەتەوە.

دوورخستنەوەی مووچە لە ململانێ سیاسییەکان

سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، عەبد حەمزە خەفاجی ئاشکرای کرد کە لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجە و پشکی هەرێمیان کردووە. جەختی لەوە کردەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان دوورخراوەتەوە و چیتر وەک کارتی فشار بەکارناهێنرێت. بە گوتەی ئەو، مووچەی هەرێم هاوشێوەی هەموو فەرمانبەرانی تری دەوڵەتی عێراقە و ناکرێت لە گەلی عێراق جیا بکرێتەوە.

پابەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەش کرد، لە بەرامبەر دابینکردنی مووچەدا، مەرجە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە ڕادەستکردنی داهاتی نەوت و داهاتی دەروازە سنوورییەکان بە حکومەتی ناوەندی. خەفاجی دووپاتی کردەوە کە ئەوان وەک نوێنەرانی گەل بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد دەکەن، چونکە بەشێکن لە گەلی عێراق، بەڵام ئەمە پێویستی بە جێبەجێکردنی پابەندییە یاساییەکان هەیە لەلایەن هەولێرەوە.

رێبوار حەمەوەیس

17 کاتژمێر پێش ئێستا