عامر عەبدولجەبار بۆ کەناڵ8: حکومەت دەتوانێت 30 ملیار دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت

رێبوار حەمەوەیس 17 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشکرای دەکات کە سەرەڕای هەوڵەکانی ئێستای حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هێشتا بڕێکی زۆر پارەی دزراو لای "سەرەگەورەکان" ماوە و پێویستە کار بۆ گەڕاندنەوەیان بکرێت.

گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان

عامر عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی گردبوونەوەی فاو-زاخۆ ڕایگەیاند، ئەگەر حکومەت دۆسیەی گەڕاندنەوەی پارە براوەکان بە باشی بەڕێوەببات، دەتوانێت زیاتر لە 30 ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی هەنگاوێکی باشە، بەڵام جەختی کردەوە کە سەرەگەورەکانی گەندەڵی هێشتا بڕێکی زۆر زیاتر پارەیان لایە و پێویستە دەستگیر بکرێن.

پێشنیاز بۆ بودجەی گشتی

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کرد کە پێش پێکهێنانی حکومەت، پڕۆژەیەکی ورد و دیراسەکراویان پێشکەش بە عەلی زەیدی کردووە. پڕۆژەکە پێشنیازی دەکرد لەبری قەرزکردن و پابەندکردنی عێراق بە سوودی داراییەوە، حکومەت پشت بە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی ئابووری ببەستێت بۆ پڕکردنەوەی بودجەی گشتی، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەت بە تەواوی کاری لەسەر ئەم خاڵە نەکردووە.

پرسی هەناردەکردنی نەوت

سەبارەت بە وەستانی هەناردەی نەوت، عامر عەبدولجەبار ڕایگەیاند کە ئەم کێشەیە لە حکومەتی پێشووەوە بۆ حکومەتی ئێستا ماوەتەوە. ڕەخنەی لە وەزارەتی نەوتی پێشوو گرت کە سەرەڕای بوونی ڕێگەچاران، ئامادە نەبوون ڕیسک بکەن و بێدەنگییان هەڵبژارد، ئەمەش وایکرد هەناردەی نەوت بوەستێت و بارگرانییەکەی بکەوێتە سەر حکومەتی ئێستا.

هەڵەکانی حکومەتی ڕابردوو

پەرلەمانتارەکە ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی ئێستا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک هەڵەی کەڵەکەبووی ڕابردوو بووەتەوە، لەوانەش؛ قەرزە زۆرەکان، خراپ ڕەفتارکردن بە داهاتی باجەکان و فرۆشتنی قەواڵەکانی حکومەت. جەختی کردەوە کە ئەرکی حکومەتەکەی زەیدی قورسە و پێویستە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو دەستگیرکردنی گەندەڵکارە گەورەکان بڕوات بۆ ئەوەی دۆخەکە بە تەواوی جێگیر بێت.

رێبوار حەمەوەیس

17 کاتژمێر پێش ئێستا