ئاگری شەڕی ئێران و ئەمریکا بەرەو کڵپەسەندن دەچێت
ئاستی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و لەکاتێکدا میدیا جیهانییەکان باس لە فراوانبوونی شەڕ دەکەن، ئێران جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی چڕ کردووەتەوە.
پێشبینییەکانی واشنتۆن پۆست بۆ پەرەسەندنی جەنگ
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بە ئەگەری فراوانبوونی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا کردووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردووەوە جەنگەکە دەستیپێکردووەتەوە، ژمارەی کوژراوانی هێزە ئەمریکییەکان ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، ئەمەش مەترسیی گۆڕانی جەنگەکەی بۆ پێکدادانێکی گشتگیر زیاتر کردووە.
ئامادەکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران
ئەمڕۆ 20ـی تەممووزی 2026، ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای واشنتنەوە بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا ئامادەیە بۆ فراوانکردنی بازنەی جەنگەکە بۆ ناو خاکی ئێران. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو ئامادەکارییە سەربازییانەی ئێستا واشنتن ئەنجامیان دەدات، نیشانەی پێشبینیکردنن بۆ پەرەسەندنی زیاتری دۆخەکە.
پەیامی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ پاکستان
لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، وەزارەتی ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە، ئەمڕۆ سەردانی پاکستان دەکات. موئمینی نامەیەکی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانی پێیە کە تایبەتە بە دانوستانەکان و بارودۆخی ناوچەکە و بڕیارە ڕادەستی بەرپرسانی ئیسلام ئابادی بکات.
پێشنیارە نوێیەکان بۆ ڕێگری لە شەڕ
لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی پێکدادانەکان، لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێشنیاری نوێیان پێگەیشتووە. هەرچەندە بەقائی جەختی لە بوونی پێشنیارەکان کردەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەسەر ناوەڕۆکی پێشنیارەکان و لایەنی نێوەندگیر ئاشکرا نەکرد.
17 کاتژمێر پێش ئێستا