توێژینەوەیەکی نوێ: هەنگوینی کوردستان بۆ دروستکردنی دەرمان گونجاوە

گران جاف 17 کاتژمێر پێش ئێستا
شانەیەکى هەنگوین لەناو کرۆکى دارێک لەلایەن هەنگەوانێکەوە دەردەهێنرێت
شانەیەکى هەنگوین لەناو کرۆکى دارێک لەلایەن هەنگەوانێکەوە دەردەهێنرێت

توێژەرانی کورد توێژینەوەیەکی نوێیان لەسەر هەنگوینی کوردی کردووە، بۆیاندەرکەوتووە کە تایبەتمەندیی دژەبەکتریایی هەیە و بۆ دروستکردنی دەرمان شیاوە.

لە توێژینەوەکەدا 49 نموونەی هەنگوینی کوردستان وەرگیراون، ئەم نموونانە لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە وەرگیراون و پاشان بەراورد کران بە هەنگوینێکی نیوزلەندی بەناوی مانوکا.

مانوکا هەنگوینێکی نیوزلەندییە کە لە پیشەسازیی دەرماندا بەکاردێت، بە جۆرێک ڕێگە نادرێت ڕێژەیەکی زۆری ئەم جۆرەی هەنگوین بۆ خواردن بەکاربێت، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەو تایبەتمەندییە دژەبەکتریاییە دەگەڕێتەوە کە هەنگوینەکە هەیەتی.

مامۆستا بێلان قادر، مامۆستای بەشی زانست و تەکنەلۆجیای خۆراک و توێژەری توێژینەوەکە، لە دیمانەیەکیدا لە کەناڵ8، باسی لەوە کردووە کە هەنگوینی کوردستانیان بەراورد کردووە بە مانوکا، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە دژەبەکتریایان تێدایە و شیاون بۆ دروستکردنی دەرمان.

لەکاتێکدا کە لە زۆرینەی وڵاتانی دیکەدا هەنگوین ئەم ڕێژە زۆرە لە دژەبەکتریای تێدا نییە، ئەمەش هەنگوینی کوردستان جیادەکاتەوە لە وڵاتانی دیکە.

هەنگوینی مانوکا لە دروستکردنی ئەو دەرمانانەدا بەکاردێت کە لە چارەسەرکردنی بریندا بەکاردێن، چونکە ڕێگری لە تووشبوون بە هەوکردن دەکات، هاوکات لە قەترەی چاو، سپرای لووت و شرووبی کۆکەشدا بەکاردێت.

ئەمەش دەبێتە هیوایەکی گەورە کە هەنگوینی کوردستان بە شێوازێکی نێودەوڵەتی بەکاربێت و پیشەسزازیی دەرمان بچێتە قۆناغێکی دیکەوە.

گران جاف

17 کاتژمێر پێش ئێستا