ناوەندی ئۆپراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا: کەشتییەک لە کەناراوەکانی عوممان کرایە ئامانج

بەهزاد ئەحمەد 17 کاتژمێر پێش ئێستا
بە ئامانجگرتنی کەشتییەک لە نزیک دەریای عوممان
بە ئامانجگرتنی کەشتییەک لە نزیک دەریای عوممان

ناوەندی ئۆپراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا لەبارەی بەئامانجگرتنی کەشتییەکەوە ڕایگەیاند، کەشتییەک بە مووشەکێکی نەناسراو بە دووریی 8 میلی دەریایی لە باکووری ڕۆژئاوای ناوچەی کەمزاز لە عومان بەئامانج گیراوە، دەشڵێت، بەشێکی کەشتییەکە زیانی پێگەیشتووە.

ڕزگارکردنی ستافی کەشتییە بەئامانجگیراوەکە

ناوەندە بەریتانییەکە لەبارەی دۆخی تیمی کەشتییەکەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، تیمی دەریاوانی و ستافی کەشتییەکە ڕزگارکراون و بە سەلامەتی گواستراونەتەوە.

ئاگرکەوتنەوە لەناو کەشتییەکەدا

پێشتریش دەنگۆی بوونی ئاگرکەوتنەوە لەناو کەشتییەکەدا بڵاوبووەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕوون نییە کە ئایا ئەو دوو ڕووداوە پەیوەندییان بەیەکەوە هەبووە، یان نا. ناوەندەکە لەبارەی ئاگرکەوتنەوە لە کەشتییەکەدا گوتی، ئەو کەشتییە کە نەوتی هەڵگرتبوو، ئاگری گرتووە و ئاگرەکەی بەردەوامە، بەڵام هیچ هەواڵێکیان لەبارەی زیانەکانەوە بڵاونەکردەوە.

سوپای پاسداران تەقاندنەوەی دوو کەشتیی نەوتهەڵگری گرتەئەستۆ 

ئەمڕۆ دووشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی تەقاندنەوەی کەشتییەکانەوە ڕایگەیاند، کە دوو کەشتیی نەوتهەڵگریان تەقاندووەتەوە و لەکاریانخستوون، کە بە گوتەی ئەوان، کەشتییەکان هەوڵیانداوە ڕێگەی باشووری گەرووی هوورمز بەکاربهێنن بۆ تێپەڕین، کە بە ناپارێزراو وەسفیان کرد. هەروەها دوێنێ یەکشەممەش (19/7/2026)، سوپای پاسداران بەئامانجگرتنی دوو کەشتیی دیکەی لە هەمان ناوچە ڕاگەیاند.

بەهزاد ئەحمەد

17 کاتژمێر پێش ئێستا