بەرپرسی نووسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر: ئۆفیسەکەمان تاڵان کرا
بەرپرسی نووسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی نووسینگەکەیانەوە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لەبری ئەوەی نووسینگەکەیان ڕادەستبکرێتەوە، ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ناو نووسینگەکەیان و سەرجەم کەلوپەلەکانی ناویان بردووە.
وردەکاریی ڕووداوەکە لە زاری بەرپرسی نووسینگەکەوە
هێرش قادر، بەرپرسی نووسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر بۆ کەناڵ8 باسی لەوە کرد، دەبوو ئەمڕۆ لەپاش 5 مانگ و 16 ڕۆژ نووسینگەکەیان ڕادەستبکرێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئاگادارکراونەتەوە لەوەی هێزە ئەمنییەکان دەچنە نووسینگەکە و سەرجەم کەلوپەلەکانی ناوی، نەک تەنیا کەرەستەی ڕۆژنامەوانی، تەنانەت مێز و کورسی، سپلیتەکانی نووسینگەکەش براون و هیچی تێدا نەهێڵراوە.
گوێستنەوەی کەلوپەلەکان بۆ وەزارەتی ناوخۆ
هێرش قادر لەبارەی چارەنووسی کەلوپەلەکانەوە ئاماژەی بەوەش کرد، کەلوپەلەکان براونەتە وەزارەتی ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکان پێیان گوتوون، ئەمە فەرمانی سەروو خۆیانە جێبەجێی دەکەن و کەرەستەکانیان دەستی بەسەردا دەگیرێت تاوەکو ئەوکاتەی دۆسیەی یاسایی کەناڵەکە لە دادگا یەکلا دەکرێتەوە.
مێژووی داخرانی نووسینگەی هەولێر
لە 4ـی شوباتی 2026ـەوە نووسینگەی هەولێری کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخراوە و جگە لە هێزە ئەمنییەکان، کەس نەیتوانیوە بچێتە نووسینگەکە.
هۆکاری یاسایی داخرانی نووسینگەکە
بەگوێرەی بەدواداچوونی کەناڵ8، سکاڵاکەی سەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی، پەیوەندی هەیە بەوەی لە وێنەی یەکێک لە ناوەڕۆکە میدیاییەکانی کەناڵەکەدا، وێنەی مەلا مەستەفا بارزانی شاردراوەتەوە و بەوشێوەیە پەخش کراوە، هەربۆیە لە مانگی شوباتەوە نووسینگەی ئەو کەناڵە لە هەولێر داخراوە.
16 کاتژمێر پێش ئێستا