وەزیرى دارایی عێراق ئەنجامى سەردانەکەى بۆ ئەمریکا بۆ لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران خستەڕوو
لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق میوانداریی فالح ساری، وەزیری دارایی کرد بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دیدارەکانی شاندی عێراق لە ئەمریکا؛ هاوکات پەرلەمانتار ڕێبوار کەریم ئاشکرای کرد کە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 لە کۆتایی مانگی ئەیلوول دەگاتە پەرلەمان.
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی شاندی عێراق لە ئەمریکا
ڕێبوار کەریم مەحموود، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی لیژنەکەیانی لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، میواندارییەکە بۆ گفتوگۆکردن و هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای عێراق بووە لە ئەمریکا، بەتایبەت کۆبوونەوەکانی لەگەڵ (بەڕێوەبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، نوێنەری بانکی جەی پی مۆرگان و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی کۆمەکی نێودەوڵەتیی ئەمریکا).
کۆبوونەوە لەگەڵ بانکی جەی پی مۆرگان و گەشەپێدانی بانکی
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا، ڕۆژی 18ـی مانگ لەگەڵ نوێنەرانی بانکی جەی پی مۆرگان کۆبوونەوە و جەختیان کردەوە لە گرنگیی کردنەوەی لقی بانکە بیانییەکان، لەپێناو کارئاسانی بۆ کاری بانکیی کۆمپانیا بیانییەکان و فراوانکردنی کەناڵەکانی پارەدارکردن.
کاتی گەیشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027
ڕێبوار کەریم لەبارەی وادەی ناردنی بودجەوە ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاردراوە لە کۆتایی مانگی ئەیلوول و سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 بگاتە ئەنجوومەنی نوێنەران.
سروشت و شێوازی بودجەی ساڵی داهاتوو
ڕێبوار کەریم لەبارەی جۆری بودجەکەوە گوتی، بودجەی ساڵی داهاتوو بودجەی بەرنامەکان دەبێت و جیاواز دەبێت لە بودجەکانی پێشوو.
16 کاتژمێر پێش ئێستا