کییەر ستارمەر ماڵئاوایی لە دەسەڵات کرد و ئاندی بێرنەم وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا دەستبەکار بوو

شێوە عومەر 15 کاتژمێر پێش ئێستا
ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی نوێی  بەریتانیا و هاوسەرەکەی لە بەردەم کۆشکی بەکینگهام. فۆتۆ: AFP
ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا و هاوسەرەکەی لە بەردەم کۆشکی بەکینگهام. فۆتۆ: AFP

پاش سەرکەوتنی پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکان، ئاندی بێرنەم بە فەرمی لەلایەن پاشا چارلزەوە ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی بەریتانیا، ئەمەش دوای ئەوەی کییەر ستارمەر دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کرد. بێرنەم لە یەکەم گوتاریدا بەڵێنی گەڕانەوەی سەقامگیریی سیاسی و چاکسازیی ئابووریی بۆ وڵاتەکەی دا تاوەکو متمانەی هاووڵاتییان بەدەست بهێنێتەوە.

دەستبەکاربوون و ماڵئاوایی لە دەسەڵات

دوو ساڵ لەمەوبەر، کییەر ستارمەر و ڤیکتۆریای هاوسەری، دەست لەناو دەست چوونە ناو ماڵە نوێیەکەیان لە داونینگ ستریت و ئێستاش بە هەمان شێوە ماڵەکەیان بەجێهێشت و بۆ دوایین جار کییەر ستارمەر قسەی بۆ بەریتانییەکان کرد، پێش ئەوەی بچێتە لای پاشای بەریتانیا و بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەش بکات.

ستارمەر و هەستانەوەی پارتەکەی

کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و دەستکەوتەکانی پارتەکەی ڕایگەیاند، "من سەردانی پاشا دەکەم بۆ پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەم و کتێبی کاتی سەرۆکوەزیرانیم دادەخەم، کاری من تەواو بوو. لە ماوەی 6 ساڵ و نیودا، پارتەکەمم لە شکستێکی مێژووییەوە لە ساڵی 2019 هەستانەوە و گۆڕیم تاوەکو شایستەی بەڕێوەبردنی وڵات بێت و لە هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی 2024ـدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا. لەو کاتەوە، شانازیی ژیانم بووە کە وەک سەرۆکوەزیران خزمەتی ئێوە و ئەم وڵاتە مەزنەم کردووە".

دەستبەکاربوونی بێرنەم و ڕێوڕەسمی دەستماچکردن لە کۆشکی بەکینگهام

لە دوای ڕۆیشتنی ستارمەر بە فەرمی، بێرنەمی تەمەن 56 ساڵ، چووە کۆشکی بەکینگهام و پاشا چارلز داوای لێکرد حکومەت پێکبهێنێت، ڕێوڕەسمەکەی ئەمڕۆش بە دەستماچکردن ناسراوە. ئیدی لە ئێستاوە خانووی ژمارەی 10ی داونینگ ستریت دەبێتە ماڵی نوێی بێرنەم و هەر لەوێشەوە یەکەم گوتاری خۆی وەک سەرۆکوەزیران پێشکەش کرد.

ئاندی بێرنەم و ئالنگارییە سیاسییەکان و متمانەی خەڵک

ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبارەی داهاتووی وڵات و گەڕاندنەوەی سەقامگیری ڕایگەیاند، "پێویستە بەریتانیا بە جیهان نیشان بدات کە دەتوانین جارێکی دیکە سەقامگیریی خۆمان بەدەست بهێنینەوە و ئەوە ئالنگاریی ئێمەیە کە سیاسەت بخەینە گەڕ و باشتر کاری پێ بکەین. دەزانم خەڵک لەم وڵاتەدا لە سیاسەت بێزار بوون، گوێم لێتانە و دەمەوێت ڕاستگۆ بم لەگەڵتاندا، ئێمە بەگوێرەی پێویست باش نەبووین و پێویستە باشتر بین".

مێژووی سیاسیی بێرنەم و گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان

بێرنەم، کە بۆ ماوەی 9 ساڵ پارێزگاری شاری مانچستەری گەورە بوو، لە مانگی حوزەیراندا بە بردنەوەی هەڵبژاردنێک گەڕایەوە بۆ پەرلەمان و لە 12ی تەممووزدا سوێندی یاسایی خوارد، ئەمەش تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی ستارمەر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.

بووژانەوەی ئابووری؛ گەورەترین ئالنگاریی بەردەم بێرنەم

یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان لەبەردەم سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیادا، دۆزینەوەی ڕێگەیەکە بۆ ژیانەوەی ئابوورییە خاوەکەی بەریتانیا.

کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی 2008

ئەمە کێشەیەکە کە لە دوای قەیرانی دارایی ساڵی 2008ـەوە، بەرۆکی سەرکردەی هەموو حکومەتەکانی گرتووە و شکستەکەیان لە چارەسەرکردنی، یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەوەی ئێستا بێرنەم حەوتەمین سەرۆکوەزیرانی بەریتانیایە لە ماوەی تەنیا 10 ساڵدا.

شێوە عومەر

15 کاتژمێر پێش ئێستا