لە گەرمیان هۆشداری لە بەرزبوونەوەی نرخی مریشک دەدرێت؛ یەک کیلۆی 4 هەزار دیناری تێپەڕاند
لە گەرمیان نرخی یەک کیلۆگرام مریشکی زیندوو 4 هەزار دیناری تێپەڕاند و مریشکفرۆشان هۆشداری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکە دەدەن؛ لە بەرامبەردا بەرپرسانی کشتوکاڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کەمیی بەخێوکردن و هەناردەکردنی مریشک بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی دەزانن.
پێشبینیی مریشکفرۆشان بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخ
ڕێبوار عومەر، مریشکفرۆش لە گەرمیان باسی لەوە کرد، ئەمڕۆ نرخی یەک کیلۆ مریشک لە سەروو 4 هەزار و 250 دینارە و دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو، دەچێتە 5 هەزار دینار و دەشڵێت "هۆکارەکەی بردنی مریشکە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەهۆی ڕێوڕەسمەکانی عاشوورا".
دابەزینی خواست لەسەر کڕینی مریشک و داواکاریی فرۆشیاران
ڕێبوار عومەر لەبارەی کەمبوونەوەی خواست لەسەر مریشک گوتی، بەهۆی گرانی نرخەوە خواست لەسەر مریشک زۆر کەمبووەتەوە و ئەگەر جاران لە ڕۆژێکدا 100 مریشک بفرۆشن، ئێستا 20 مریشک نافرۆشن و داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن دۆخەکە چارەسەر بکرێت و هەناردەکردن بۆ خوارووی عێراق ڕابگیرێت.
ڕوونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان
لە بەرامبەردا سامان ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان بۆ کەناڵ8 ڕوونی کردەوە، پێشتر خواستێکی زۆر هەبووە لەسەر مریشک، هەربۆیە بڕێکی زۆر لە ماوەیەکی کەمدا خراوەتە بازاڕەوە، گوتیشی "ئێستاش کە پلەکانی گەرما بەرزبوونەتەوە ژمارەی مریشکی ناو کێڵگەکان کەمکراونەتەوە و ڕاستەوخۆش کاریگەری لەسەر بازاڕ هەبووە".
کێڵگە پەلەوەرییەکان و کاریگەریی هەناردەکردن
لە گەرمیان 150 کێڵگەی پەلەوەری هەیە، بەشێک لە بەرهەمەکەیان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەچێت و بەرپرسەکەی کشتوکاڵی گەرمیان ئەوەی بە هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەکە زانی.
16 کاتژمێر پێش ئێستا