لە قەرس بەفرە و لە ڕحاش خەڵک بەهۆی گەرما ناتوانن بچنە دەرەوە

عەدنان ئەحمەد 16 کاتژمێر پێش ئێستا

لێرە لە ڕحای باکووری کوردستان، خەڵک و گەشتیاران لە ماڵ و هۆتێلەکان دەمێننەوە و نایەنە دەرەوە. ئەوەش بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما بەتینەی ڕووی لە پارێزگاکە کردووە.

مورات یۆروک، گەشتیارێکە و لە بارەی گەرماوە دەڵێت  "لە بۆڵوەوە هاتووم، لەنێوان بۆڵو و ڕحا 20 پلە جیاوازی هەیە، بەهۆی گەرماوە ژیان زۆر قورسە لێرە."

هێشتا وەرزی زستان خۆی نەپێچاوەتەوە

لە دووری 700 کیلۆمەتر و لە بەرزاییەکانی قەرس، هێشتا زستان خۆی نەپێچاوەتەوە و بە هەموو هێزی خۆیەوە بەرگری لە مانەوەی دەکات، بەفر لە هەندێک ناوچە شەش مەتر بەرزە و تەنیا لە ڕێگەی ئامێرە گەورەکانەوە دەتوانرێت بماڵرێت.

بەهۆی بەفری زۆرەوە لە ناوەڕاستی تەموزەوە دەست بە پاککردنەوە کراوە

سەزای یوردالان، بەرپرسی تیمی پاککردنەوە دەربارەی ئەو بەفرە زۆرەی ماوەتەوە دەڵێت  "لە ساڵانی ئاسایی لە ناوەڕاستی حوزەیران ئەم ڕێگانە پاک دەکەینەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بەفری زۆرەوە، ناچار بووین ناوەڕاستی تەمموز دەست بە پاککردنەوە بکەین، کارەکەمان بۆ ئەوەیە خەڵکی گوندەکان، ئاژەڵدار و کۆچەرییەکان بە ئاسانی هاتوچۆ بکەن".

چەند مانگێکە ئاژەڵدارەکان ڕێگای لەوەڕگاکانیان لێگیراوە

لەم ناوچانەی قەرس، چەند مانگێکە ئاژەڵدارەکان بەهۆی بەفری زستانەوە، ڕێگەی بەشێک لە لەوەڕگاکانیان لێگیراوە و ناتوانن ئاژەڵەکانیان بلەوەڕێنن.

فورات یڵدرم، خەڵکی قەرس دەربارەی هاوکاری تیمەکانی پاککردنەوەی ڕێگاوبانەکان گوتی " ئەم تیمانە هاوکاری خەڵکی ناوچەکەمان دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگەکەمان لەو بەفرە پاک بکەنەوە کە دەگاتە پینج بۆ حەوت مەتر، چونکە ئێمە بە ئاژەڵدارییەوە خەریکین، ئەم ڕێگانە پاک نەکرێنەوە، ناتوانین ئاژەڵداری بکەین."

ئەمساڵ باکووری کوردستان زستانێکی سارد و پڕ لە بەفری بەڕێکرد و بە درێژایی وەرزەکە سەدان ڕێگە بەهۆی بەفری زۆرەوە داخران.

عەدنان ئەحمەد

16 کاتژمێر پێش ئێستا