بەلجیکا گارسیای دوورخستەوە و بەدوای ڕاهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت
یەکێتیی تۆپی پێی بەلجیکا بە فەرمی بڕیاریدا گرێبەستی رودی گارسیای ڕاهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکە نوێ نەکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە قۆناغی چارەکی کۆتایی مۆندیالی 2026 لەلایەن ئیسپانیای پاڵەوانەوە کرانە دەرەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئەو ڕاهێنەرە فەرەنسییە تەمەن 62 ساڵە توانی "شەیتانە سوورەکان" بگەیەنێتە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی جیهانی، بەڵام ئاستی گشتیی هەڵبژاردەکە لە درێژایی پاڵەوانێتییەکەدا جێی ڕەزامەندی نەبوو و ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەوە، ئەمەش داهاتووی ئەوی لە پۆستەکەیدا خستە ژێر پرسیارەوە، گرێبەستەکەی گارسیا لە کۆتایی ئەم مانگەدا بە فەرمی کۆتایی دێت.
لە لێدوانێکدا سەبارەت بەم بڕیارە، ڤینێسنت مانارت، بەڕێوەبەری وەرزشیی یەکێتییەکە ڕایگەیاند: "بێگومان رودي گارسیا ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە گەڕانەوەی پێگەی هەڵبژاردەی بەلجیکا، ئەو لە دۆخێکی قورسی وەرزشی و داراییدا ئەرکەکەی وەرگرت، بەڵام بەهۆی ئەزموون و پابەندبوونییەوە، توانی تیپەکە یەکبخات و لە مۆندیالیشدا ئەنجامێکی بەهێز تۆمار بکات."
مانارت سوپاسی گارسیا و تیپەکەی کرد بۆ کارکردن لە ماوەی 18 مانگی ڕابردوودا و ئاشکرای کرد، کە لە ئێستادا بەرپرسانی یەکێتییەکە دەستیان بە کارکردن کردووە بۆ ئامادەکاری لە پێناو قۆناغێکی نوێدا، کە دیارترین هەنگاوی دەستنیشانکردن و هێنانی ڕاهێنەرێکی نوێ دەبێت بۆ سەرکردایەتیکردنی هەڵبژاردەکە.
15 کاتژمێر پێش ئێستا