سەرۆکی لوبنان سەردانی ئەمريکا دەکات و لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە

رۆزا حیسام 14 کاتژمێر پێش ئێستا
جۆزیف عەون سەرۆکی لوبنان
جۆزیف عەون سەرۆکی لوبنان

دوای نزيکەی 20 ساڵ سبەى سێشەممە بۆ يەکەمجار سەرۆکێکی لوبنان سەردانی ئەمريکا دەکات، کە لەسەر بانگێشتی واشنتنە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆدەبێتەوە.

سەردانەکە بە ئامانجی زیادکردنی فشارەکانی ئەمریکایە بۆسەر ئیسرائیل

ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی جۆزێف عەون بۆ ئەمريکا بۆ ئەوەيە تاوەکو واشنتن فشارەکانی سەر ئيسرائيل زياد بکات و بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوانيان و پابەندبوونی تەلئەڤيڤ بۆ کشانەوە لە سنوورەکانی لوبنان، هاوکات بۆ پرسی چۆنێتی جێبەجێکردنی چەکدانانی حيزبوڵايە.

دوای بیست ساڵ یەکەم سەرۆکی لوبنان دەچێتە واشنتن

عەون، ساڵی ڕابردوو وەک سەرۆکی لوبنان دياريکرا و يەکەم سەرۆکی ئەو وڵاتەيە دوای نزيکەی 20 ساڵ سەردانی ئەمريکا بکات و بڕيارە بۆ يەکەمجار ڕووبەڕوو لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە.

هەفتەی ڕابردوو نووسينگەکەى ڕايگەياند، لە سەردانەکەدا داوا لە ترەمپ دەکات "فشاری پێویست بخاتە سەر ئیسرائیل" بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی 26ـی حوزەیران بە نێوەندگیری ئەمریکا لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل.

پێشنیازێک بۆ چۆنێتی چەکداماڵینی حیزبوڵا

بەگوێرەی زانيارييەکان بڕيارە هەر لە سەردانەکەدا، عەون پێشنيازێکی نووسراو پێشکەش بە ترەمپ بکات سەبارەت بە چۆنێتی چەکداماڵينی حیزبوڵا.

پێشتر بڕيار بوو، لەم هەفتەيەدا بنيامين نەتانياهوو سەرۆکوەزيرانی ئيسرائیل سەردانی ئەمريکا بکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هيچ لايەکەيان بە فەرمی سەردانەکەيان پشتڕاستنەکردووەتەوە.

رۆزا حیسام

14 کاتژمێر پێش ئێستا