پاش پێنج ساڵ لە ڕووخانى پردى داقوق بەڕووى هاتوچۆدا کرایەوە
پاش پێنج ساڵ لە ڕووخانى پردى داقوق لە ڕێگەى سەرەکیى نێوان کەرکووک - بەغداد، پردەکە نۆژەنکرایەوە و بەڕووى هاتوچۆدا کرایەوە.
لێدوانی جێگری پارێزگاری کەرکووک لەسەر بایەخی پردەکە

ڕێبوار تەها، جێگرى پارێزگارى کەرکووک لە پاش ڕێوڕەسمى کردنەوەى پردەکە بە ڕووى هاتوچۆدا بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لەوکاتەى پارێزگاربووە زۆر مەبەستیان بووە پردەکە نۆژەن بکەنەوە، چووەتە بەغداد، لە ماڵەکەى خۆى داواى لە وەزیرى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کردووە پارەى بۆ تەرخان بکرێت و دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەى پردەکە.
ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور
هاوکات عەدنان حوسێن، قایمقامی شارۆچکەی داقوق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بەهۆى داڕووخانى پردەکە، هاتوچۆى هەردوو ئاڕاستەکە لەسەر یەک بەشى پردەکە بوو ئەگەر ڕووداوێک لەسەر پردەکە ڕوویبدایە ئەوا هاتوچۆ لە هەردوو ئاڕاستەکە بەتەواوى پەکى دەکەوت بە نۆژەنکردنەوەى ئاسانکاریی بۆ هاتوچۆ نەک لە نێوان کەرکووک و بەغداد بەڵکو لەنێوان پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان و ناوەڕاست و باشوور دروستدەکات.

گێڕانەوەی ئاوەدانی و ئاسانکاری هاتووچۆ
زەیدان محەممەد، کەسایەتی و هاونیشتیمانیی داقوقە لەبارەى نۆژەنکردنەوەى پردەکەوە دەڵێت، "پردەکە ئاوەدانیە بۆ داقوق و ئاسانکاریى تەواو بۆ هاتوچۆ لە نێوان شارۆچکەى داقوق و گوندەکان دروستدەکات".
پردی داقوق کە پردێکە دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی نێوان کەرکووک- بەغداد، ساڵی 2021 بەشێکی ڕووخا کە 270 مەتر بوو، پاش ئەوە لە باران و لافاوى ساڵەکانى دواتر بەشەکانى دیکەى پردەکە زیانى بەرکەوت بۆیە بڕیاردرا سەرجەمى نۆژەنبکرێتەوە و ئەمڕۆ هەردوو ئاڕاستەکەى خرایەوەى خزمەتى شۆفێران.

14 کاتژمێر پێش ئێستا