پاڵاوگەکانى کار و لاناز کەمتر لە یەک ملیۆن لیتر بەنزین دەدەن بە 750 دینار

ئارا ئیبراهیم 14 کاتژمێر پێش ئێستا
هاونیشتمانییەک لە کاتی وەرگرتنی بەنزین لە یەکێک لە بەنزینخانەکانی سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8
هاونیشتمانییەک لە کاتی وەرگرتنی بەنزین لە یەکێک لە بەنزینخانەکانی سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

ڕیزی نۆرەی هاونیشتمانیان بۆ وەرگرتنى بەنزین و بەرزکردنەوەی نرخەکەى، حکومەتى کاربەڕێکەرى هێنایە سەر هێڵ و تازە بە تازە دەڵێت، قەیرانى سووتەمەنى هەیە،  لە کاتێکدا ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتى خاو دەدرێتە پاڵاوگەکانى کار و لاناز و دەپاڵێورێت، بەڵام وردەکارى چۆنێتى فرۆشتنەکەى و خستەبازاڕى بۆ هاونیشتمانیان و تەنانەت ڕەنگە بۆ وەزیرى سامانە سروشتییەکانیش شەفاف نەبێت.

ڕاگەیاندنی قەیرانی سووتەمەنی لە لایەن حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانەوە

حکومەتى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان قەیرانى سووتەمەنى ڕاگەیاند و بڕیاریداوە نرخى لیتری بەنزینى نۆرماڵى بازرگانى لە 850 دینار زیاتر نەبێت و کە پێشتر لیترێک 750 دیناربوو.

پێداویستی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان لە بەنزین

هەرێمى کوردستان ڕۆژانە پێویستى بە پێنج ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن و نیو لیتر بەنزین هەیە لەوەرزى هاوین، بەڵام بڕى بەرهەمى ئێستای بەنزین ڕۆژانە یەک ملیۆن لیتر کەمترە.

لە دوو ملیۆن لیتر بەنزینی بەرهەمهاتوو چەندی بۆ بەنزیخانەکانە؟

لە بەرهەمى ڕۆژانەى نەوتى هەرێمى کوردستان 50 هەزار بەرمیل گلدەدرێتەوە بۆ بەرهەمە نەوتییەکان و دەدرێت بە پاڵاوگەکانى کار و لاناز و ڕۆژانە دوو ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمدەهێنن، کە کەمتر لە یەک ملیۆن لیترى دەدرێتە بەنزینخانەکان و پشتر بە نرخى 750 دینار دەیانفرۆشت، ئەوى دیکەى دەدرایە بەنزینخانە بازرگانییەکان، جا پرسیارەکە ئەوەیە وەزیرى سامانە سروشتییەکان کە لەنوسراوەکەیدا دەڵێت، هەوڵدەدەین بەنزینى نۆرماڵی حکومی زیاتر بخەینە بازاڕەوە؟ ئایا حیزب و پاڵاوگەکانى کارو لاناز ئامادەن ئەو ملیۆن لیتر بەنزینە بارزگانییە نەدەن بە بەنزینخانە بازرگانییەکان و بیدەنە ئەو بەنزینخانانەى کە بڕیارە بە 850 دینار بیفرۆشن؟ 

قۆرغکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە لایەن پاڵاوگەکانی کار و لانازەوە

دۆسییەى نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لاى حکومەتى کاربەڕێکەر بەبەرژەوەندى پاڵاوگەکانى کار و لاناز بەرێوەدەچێت و ئەوان قۆرغیان کردووە.. واتە هەردوو پاڵاوگەکە بڕیار دەدەن ئەمڕۆ و سبەى دوو رۆژى دیکە نرخى بەنزین بەچەند بێت، تەنانەت کەناڵ8 لە بازاڕى سووتەمەنى هەولێر پرسیارى کردووە کە ئایا ڕێگە دەدەن بازرگانان بەنزین هاوردە بکەن، لەوەڵامدا پێیان ڕاگەیاندین تاوەکو ئێستا ڕێگەیان نەداوە بەنزین هاوردە بکەین.

هاوکات، یەک ملیۆن  و 500 هەزار لیترى دیکە لە ماددەی باشکەر لەوڵاتى ئێرانەوە هاوردە دەکرێت و تێکەڵى نەفتا دەکرێت و دەکرێتە بەنزین بۆ هەر سێ جۆرى نۆرماڵ و موحەسەن و سوپەر.

بڕی کورتهێنانی بەنزیمی ڕۆژانە

هاوکات، بەشێکى کەم بەنزین لە چەند سەرچاوەیەکى دیکەوە دەگاتە هەرێمى کوردستان و بە کۆى گشتى چوار ملیۆن تاوەکو چوار ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەرهەمى بەنزین هەیە.. بەڵام کورتهێنانى بەنزین ملیۆنێک لیترى ڕۆژانەیە.

لێکدانەوە بۆ بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان

لەبارەى بڕیارەکەى وەزیرى سامانە سرووشتییەکان، تایبەت بە دیاریکردنى نرخى بەنزین، بەرپرسێکى حکومى لە سلێمانى کە نەویست ناوى بهێندرێت، بە کەناڵ8ـى گوت" جارێ پێویست بوو وەزارەت سەرچاوەکانى هاوردەکردنى بەنزین زیاتر بکات، ئەوکات ئەو بڕیارە بدات، پاشان نرخى موحەسەن و سوپەری دیارنەکردووە ئەمەش وا دەکات بەنزینخانەکان بەنزینى سوپەر و موحەسەن بفرۆشن و واز لە فرۆشتنى نۆرماڵ بهێنن، ئەوەش هەڵەیەکى گەورەیە کە وەزارەت کردوویەتى".

زۆربوونی خواست لەسەر بەنزین

 جەختى لەوەکردەوە، خواست لەسەر بەنزین زۆرە و خستنەڕووى بەنزینەکە کەمە، گوتیشى" لە سلێمانى بەراورد بە هەولێر و دهۆک نرخى بەنزین بۆ هەر سێ جۆرى نۆرماڵ و موحەسەن و سوپەر) 200 بۆ 250 دینار کەمترە، ئەوەى توانراوە نرخى بەنزین هێندە گران نەبێت کە بارگرانى زیاتر لەسەر هاونیشتمانیان دروست بکات".

ئەوەشى ڕوونکردەوە، پێشتر بەنزین لە ئیمارات و ئازەربایجان و ئەرمینیا و چەندین وڵاتى دیکەوە هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکرا، بەڵام دۆخى جەنگى ئێران و داخستنى گەرووى هوورمز ئەو سەرچاوانەى نەهێشتووە.

ئارا ئیبراهیم

14 کاتژمێر پێش ئێستا