لەسەر بردنى کەلوپەلەکانى نووسینگەى NRT پۆليسى هەولێر ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە
بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی پارێزگاى هەولێر ڕایگەیاند، لەسەر سکاڵاى خاوەن موڵکەکە و نەدانى کرێی باڵەخانەکە، بە بڕیارى دادگا، کەلوپەلەکانى ناو نووسینگەکە براوە.
پۆلیس دەڵێت چەندین مانگە کرێی خانووەکە نەدراوە
پۆلیسى پارێزگاى هەولێر، لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، 16ـى تەمموزى 2026، خاوەنى خانووى ژمارە (13.78.66)، لە گەڕەکى نازنازى شارى هەولێر، سکاڵاى یاسایی لە دژى نووسینگەى ئێن ئاڕ تى لە هەولێر تۆمارکرد، لەبەرئەوەى چەندین مانگە کرێى خانووەکەى وەرنەگرتووە.
نووسنگەی ئێن ئاڕ تی بە بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوە چۆڵکراوە
پۆلیسى هەولێر، ئاماژەى بەوەشکردووە، دوابەدواى سکاڵاکە لەلایەن دادگاى لێکۆڵینەوەى هەولێرەوە بڕیاردرا لەسەر چۆڵکردنى خانووەکە و ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـى تەمموز، بە ئامادەبوونى لێکۆڵەرى دادى لە دادگاى لێکۆڵینەوەى هەولێر و بەڕێوەبەرى نووسینگەى هەولێرى ئێن ئاڕ تى، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسى پارێزگاى هەولێر، خانووەکە چۆڵکراو ڕادەستى خاوەنەکەى کرایەوە.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، ڕێکارەکان لە چوارچێوەى یاسا و فەرمانى دادوەر جێبەجێ کراون.
بە گوێرەی یاسا دادگای بەرایی کار لەسەر دۆسیەی خانووبەر دەکات
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەى یاسا، کاروبارى خانووبەرە لە هەرێمى کوردستان لە دەسەڵاتى دادگاى لێکۆڵینەوەدا نییە و پێویستە دادگاى بەرایی کار لەسەر سکاڵاى خاوەن خانووەکە بکات و هەرکاتێک کرێچییەکە ئامادە نەبوو موڵکەکە چۆڵبکات، دواى دەرچوونى بریارى دادگاى بەرایی و وەرگرتنى پلەى کۆتایی بڕیارەکە، پۆلیس بە هەماهەنگى لەگەڵ جێبەجێکارى داد کرێچییەکە دەکرێتە دەرەوە.
قسەی بەرپرسی نووسینگەی ئێن ئاڕ تی لەسەر بڕیارەکەی دادگا
هێرش قادر، بەرپرسى نووسینگەى کەناڵەکە لە هەولێر بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، سکاڵاکە هیچکام لەم قۆناغانەى نەبڕیوە و ئاگادارى بڕیارى دادگا نیین و دادگا و پۆلیس ئاگادارکردنەوەیان بۆ نەناردوون و پارێزەرى کەناڵەکەش چووەتە دادگا، بەڵام دادوەر ئامادە نەبووە دۆسیەکەى پیشان بدات.
"کرێی مانگى ئایارى ئەمساڵیش دراوە"
ڕاشیگەیاند، کرێی مانگى ئایارى ئەمساڵیشیان داوە بە خاوەن موڵکەکە، لە کاتێکدا، بە بڕیارى حیزبی لە مانگى شوباتى ئەمساڵەوە نووسینگەکانى ئێن ئاڕ تى لە هەولێر و بادینان داخراون و ڕێگریی لە کارکردنى کارمەند و پەیامنێرەکانى کراوە.
13 کاتژمێر پێش ئێستا