عێراق: هەوڵێکى بە قاچاغبردنى دەرمان لە بەندەرى ئوم قەسر شکستپێهێنرا

دانیار فاروق 13 کاتژمێر پێش ئێستا
شکستپێهێنانی بە قاچاغبردنى دەرمان و پێداویستیی پزیشکییان لە بەندەرى ئوم قەسر
شکستپێهێنانی بە قاچاغبردنى دەرمان و پێداویستیی پزیشکییان لە بەندەرى ئوم قەسر

دەستەى دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئاشکرایکرد، هەوڵێکى بە قاچاغبردنى دەرمان و پێداویستیی پزیشکییان لە بەندەرى ئوم قەسر شکستپێهێناوە.

دەستبەسەراگرتنی سێ کۆنتێنەر دەرمانی جۆراو جۆر

لەوبارەیەوە، عەلائەدین قەیسى، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکان، بە میدیا عێراقییەکانى ڕاگەیاند، دەستەکەیان و بەڕێوەبەرایەتیى بەندەرى ئوم قەسر، بە هەماهەنگى لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و بە ڕەزامەندیى دادوەریى لێکۆڵینەوە، توانییان سێ کۆنتێنەر، کە دەرمانى جۆراوجۆرى تێدابووە، دەستى بەسەردا بگرن.

دەرمانەکان ڕەزامەندی وەزارەتی تەندروستییان نەبووە

هەر بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکە، ئەو دەرمانانە هیچ ڕەزامەندییەکى وەزارەتى تەندروستییان لەگەڵدا نەبووە تاوەکو ببرێنە دەرەوەى عێراق، یاخود هیچ ستانداردێکى هەناردەکردنى لەخۆ نەگرتبوو کە دەبوو ئەو دەرمانانە لەناو ساردکەرەوە بن نەک کۆنتێنەر و لەو گەرمایەى ئوم قەسر بەو شێوەیە کۆگا بکرێن.

هاوکات، ئاماژەى بەوەشکردووە، ماددەکان ڕەوانەى پۆلیسى گومرگ لە بەندەری ئوم قەسرى باکوور کراوە، تاوەکو ڕێکارى پێویستى یاسایی لەبەرامبەرى بگیرێتەبەر.

دانیار فاروق

13 کاتژمێر پێش ئێستا